وەزارەتی دادی عێراق: هیچ زیندانییەک بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد نەکراوە

2025-02-13  114 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، هیچ زیندانییەک بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد نەکراوە. دەشڵێ لێبووردنەکە زیندانیانی بیانی ناگرێتەوە.
 
ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، رایگەیاند، "ئەوەی لێرە و لەوێ باس دەکرێت لەبارەی ئازادکردنی زیندانیان بە یاسای لێبووردنی گشتی، دوورە لە راستییەوە." 
 
ئاماژەی بەوە کرد، ئازادکردنی زیندانییان هیچ پەیوەندیێکی بە وەزارەتی دادی عێراقەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە دادگاوە. راستە زیندانییەکان لە وەزارەتی دادن، بەڵام دادگا هەر بڕیارێک بدات، ئەوان پێوەی پابەندن.
 
بە وتەی ئەحمەد لعێبی، تائێستا 5 بڕیاری دادگەیان بۆ هاتووە بۆ ئازادکردنی زیندانیان لە پارێزگەکانی باشوور بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی، "بەڵام پێویستە دادگەی تەمیز بڕیار لە دۆسییەکەیان بدات."
 
جەختی لەوە کردەوە، لێبووردنەکە تەنیا زیندانییانی عێراق دەگرێتەوە و زیندانییانی بیانی ناگرێتەوە، کە لە زیندانەکانی عێراق دان.
 
لە عێراق 65 هەزار زیندانی لە 30 بەندیخانەدان، کە هەزار و 600 زیندانیی بیانین. 85 منداڵیش لەگەڵ دایکیان لە زیندانەکاندان.
 
یاسای لێبووردنی گشتی لەگەڵ هەمواری یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان بە یەک پاکێج لە رۆژی  21-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکران.
 
رۆژی 04-02-2025، دادگەی باڵای فیدراڵی کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، فەرمانی راگرتنی جێبەجێکردنی هەر سێ یاساکە دەرکرد، تاوەکو ئەو کاتەی سکاڵا تۆمارکراوەکان لەسەریان یەکلایی دەبنەوە.
 
راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی، نیگەرانی و ناڕەزایی سوننەکانی لێکەوتەوە، چونکە لێبووردنی گشتی یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی سوننەکانە.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 11-02-2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵاکانی سەر سێ یاساکەی رەتکردنەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە