"پێشنیاز هەیە دامەزراندن لە بودجەدا بۆ 200 هەزار کەس زیاد بکرێت"
58 خولەک پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
پەرلەمانتارێکی عێراق پێشنیازێکی لیژنەی دارایی بۆ زیادکردنی ژمارەی دامەزراندن لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بۆ 200 هەزار کەس ئاشکرا دەکات، هاوکات ئاماژە بە وادەی ڕەوانەکردنی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان دەکات.
عامر نەسرولڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح سەبارەت بە بودجە ڕایگەیاند: چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەیاسای بودجە لەم مانگەدا بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمەش دوای ئەوەی دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و دەنگی لەسەر دەدرێت."
سەبارەت بە پرسی دامەزراندنیش، عامر نەسرولڵا ڕوونیکردووەتەوە: ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران بۆ جێگیرکردنی 120 هەزار پلەی وەزیفی لە بودجەدا یەکێکە لەو دۆسیانەی خراونەتەڕوو، بەو مەرجەی پلەکان بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێن.
هاوکات لیژنەی داراییی پەرلەمانیش زیاتر لە پێشنیازێکی هەیە، لەوانەش بەرزکردنەوەی ژمارەکە بۆ 200 هەزار پلەی وەزیفی، بە مەبەستی گرتنەبەری توێژێکی فراوانتر لە هاووڵاتییان."
ئەم پێشنیازانەی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دەروازەیەکی نوێی بۆ ئابووریی عێراق کردووەتەوە تا داهاتەکانی بەهێز بکات و کورتهێنانی دارایی کەم بکاتەوە، ئەوەش دەرفەتی ڕەخساندووە تا ئەو داهاتە نەوتییە بۆ جێبەجێکردنی دامەزراندن و تێپەڕاندنی بودجە بەکار بهێنرێت.
پێشتر فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بەڵێنی بە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان داوە، هەر شتێک هەبێت لەبارەی دامەزراندن پشکی هەرێمی کوردستانی تێدا دەبێت بەپێی بەشە بودجە، بەمجۆرە بێت ئەگەر لە عێراق 200 هەزار پلەی وەزیفی لە بودجە جێگیر بکرێت، ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 هەزار پلەی وەزیفی دەبێت.
|