پارتی سۆسیالیست بڕیاری دەستگیرکردنی کاکە حەمە ڕەتدەکەنەوە
44 خولەک پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد حاجی مەحموود دەرکرد، بەهۆی ئامادەنەبوونی لە دادگا لەسەر دۆسیەی بارەگایەکی حزبەکەی لە شارەدێی تەکیە.
دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەرکرد، بڕیارەکە پاش ئەوە دێت کە ناوبراو لەسەر تۆمارکردنی سکاڵایەک لە بنکەی پۆلیسی تەکیە ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام ئامادەی دانیشتنی دادگاییکردنەکە نەبووە.
بەپێی زانیارییەکان، سکاڵاکە لەسەر بارەگایەکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانە لە شارەدێی تەکیە، کە لەلایەن دادگاوە بە زیادەڕەوی (تەجاوز) لە قەڵەم دراوە. بەهۆی ئامادەنەبوونی سکرتێری حزبەکە لە بەردەم دادوەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەو سکاڵایە، دادگا بەپێی یاسا فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردووە.
د. فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە ٧ڕۆژی وت: "سکاڵاکە لەسەر بارەگایەکی حیزبەکەمانە کە لە دوای رووخانی بەعسەوە لە ساڵی 1991ـەوە تێیداین و داوای دەکەن رادەستی بکەینەوە بۆ ئەوەی بدرێتە وەبەرهێنەرێک و بکرێتە شوێنێکی بازرگانی".
د. فەرهاد تۆفیق ئاماژەی بەوەشکرد: "بارەگاکە لە رژێمی سەدام حوسێن وەرگیراوەتەوە. کێ خۆی بە میراتگیری ئەو دەزانێت با داوای بکات".
لەبارەی رادەستکردنەوەی بارەگاکەیان وتەبێژی حیزبی سۆسیال دیموکرات ئەوەشی راگەیاند: "لە ساڵی 1991ـەوە هەزاران خانوو کە هەر کەس یان حیزبیان تێیدا ببوو دوای بەعس دەستیان بەسەردا گیرا بەناوی ئەو کەسانەوە تاپۆ کران کە تێیدان جگە لە بارەگاکانی ئێمە، هەرکاتێک ئەوانە رادەستیان کردەوە ئێمەش رادەستی دەکەینەوە".
مادە 11ی لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018:
ئەو مادەیەی سەرۆکی سۆسیال دیموکراتی کوردستانی پێی تۆمەتبار کراوە، مادەی 11یە لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 و ئێستا کاری پێدەکرێت و لەنێوەڕۆکەکەیدا هاتووە:
هەرکەسێک زهوتكردن و بهكارهێنان و دهست بهسهرداگرتنی بیناكانی دهوڵهت" ی بەسەردا ساخبکرێتەوە، ئەوە بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و بە پێبژاردنێک لە سێ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 15 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت، لابردنی زیادەڕۆییەکەش لەسەر خەرجیی زیادەڕۆکار دەبێت.
|