ئیسرائیل بیر لە لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکاتەوە

2025-02-13  93 جار خوێنراوەتەوە

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردوە، کە ئیسرائیل بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەمساڵ هێرشی ئاسمانی بەرفراوان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجام بدات، بە سودوەرگرتن لە "لاوازی تاران"، ئه‌وه‌ش به‌پێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ كه‌ لە زاری بەرپرسانی ئاگادارەوە بڵاویکردوەتەوە.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگری کە لە دوایین ڕۆژەکانی ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا ئامادەکراوە، ئیسرائیل ترسی هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت دەرفەتەکان بەرتەسک بکاتەوە بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوەش ڕەنگە وای لێبکات فشار بخاتە سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بۆ پاڵپشتی لە ئەگەری هێرشە ئەتۆمییەکان.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە ئیسرائیل، "ئیدارەی ترەمپ بە بەراورد بە ئیدارەی پێشو بە ئامادەیی زیاتر دەزانێت بەشداری هەر هێرشێک كه‌ بیه‌وێت بیكاته‌ سه‌ر ئێران، بە تایبەت کە هەر بە ئامانجگرتنی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە لە ژێر زەویدان، پێویستی بە پاڵپشتی سەربازیی ئەمریکا و دابینکردنی تەقەمەنی دەبێت".

هەرچەندە نوسینگەی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامادە نەبو هیچ لێدوانێک بدات، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل چەندین جار پشتڕاستیان کردەوە کە "ئێران زیاتر بەرەوڕوی هێرشە سەربازییەکان بوەتەوە".
دەرفەتێکمان هەیە بۆ گەیشتن بە گرنگترین ئامانجمان

لەم چوارچێوەیەدا، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندبو، "دەرفەتێکمان هەیە بۆ گەیشتن بە گرنگترین ئامانجمان، کە بریتییە لە پوچەڵکردنەوە و نەهێشتنی ئەو هەڕەشە وجودییەی کە ڕوبەڕوی ئیسرائیل دەبێتەوە".

ئێران پێشتڕ هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ڵامندانه‌وه‌ی هه‌رجۆره‌ به‌ ئامانجگرتنی دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرد، به‌ڵام كه‌مبونه‌وه‌ی توانا سه‌ربازییه‌كانی و له‌ده‌ستدانی بریكاره‌ ناوچه‌ییه‌كانی وه‌ك حزبوڵای لوبنان و حه‌ماس، ڕه‌نگه‌ توانای بۆ ئه‌و كاره‌ سنوردار بكات.

هەفتەی ڕابردو دۆناڵد تره‌مپ یاداشتێکی واژۆکرد کە ڕێگری لە ئێران دەکات چەکی ئەتۆمی هەبێت و لە بەرامبەریشدا ئامادەیی خۆی بۆ وتوێژ لەگەڵ مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران دەربڕی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە