لیژنەى ئامادەکاریى کۆنگرەى نیشتمانى سووریا بەبێ کورد پێکهێنرا
2025-02-13
120 جار خوێنراوەتەوە
لیژنەیەکى حەوت کەسی بۆ ئامادەکاریى کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانى سووریا پێکهێندرا، بەڵام هیچ کوردێک لە لێژنەکەدا نییە. بەرپرسێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێت، هەڵوێستیان دەبێت.
ئەو لیژنەیە لە 11ـی شوباتى 2025 بە بڕیارى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناغى راگوزەر پێکهێنراوە، کە 7 ئەندامن؛ ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی شوبات) بە فەرمى بڕیارەکە بڵاوکرایەوە.
فەیسەڵ یوسف، وتەبێژى ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، بە میدیاکانی راگەیاند "هیچکام لە ئەندامەکانى ئەو لیژنەیە کورد نین و، بۆ ئەوەش گفتوگۆمان لەگەڵ دا نەکراوە."
ئەو لیژنەیە کە دووانیان ژنن، پێکهاتوون لە حەسەن دغیم، ماهر عەلووش، محەممەد مستت، مستەفا موسا، یوسف هجر، هند قبوات و هودا ئاتاسی.
وتەبێژى ئەنەکەسە وتى "سەرقاڵى تاوتوێکردنى ئەو پرسەین و هەڵوێستى فەرمیمان لەو بارەیەوە دەبێت."
کارى ئەو لیژنەیە ئامادەکارییە بۆ کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانیی لایەنەکان، وەک قۆناغى بەر لە هەڵبژاردنى سووریا.
بەگوێرەى ئەو بڕیارە، پەیڕەوى نێوخۆى لیژنەکە و پێوەرى کارکردنى داندراوە و ماوەى کارکردنى لیژنەکە لەگەڵ بڵاوکردنەوەى بەیاننامەى کۆتایی کۆنگرەکەى دیالۆگى نیشتمانى تەواو دەبێت.
|