عەلی خامنەیی: ئەمریکا هەر جوڵەیەکی نەشیاو بکات، زەبری قورسی بەردەکەوێت

8   کاتژمێر پێش ئێستا  43 جار خوێنراوەتەوە

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، ''ئەگەر ئەمریکییەکان کردەوەیەکی نەشیاو بەرامبەر ئێران بکەن، زەبرێکی قورسیان بەردەکەوێت''؛ گوتیشی، لە پاڵپشتیی ''بەرەی موقاوەمە'' بەردەوام دەبن.
 
ئەمڕۆ هەینی، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکی نەورۆزیدا لەگەڵ خەڵک و بەرپرسانی سەربازی و حکومیی وڵاتەکە، وتارێکی پێشکێشکرد تێیدا ئاماژەی بە گرژییەکانی ساڵی رابردووی هەتاوی لە ناوچەکە کرد و رایگەیاند، ''ساڵێکی پڕ رووداو بوو و تێچووی زۆرمان داوە، هەڵبەت دەبێت بەو روانگەیەوە سەیری بکرێت کە بەرەی حەق لەو بەرەنگارییانەدا تێچووش دەدات.''
 
عەلی خامنەیی وێڕای ئاماژەدان بە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران وتی، ''لە بەرەنگاربوونەوەی حەق و ناحەقدا، سەرکەوتن لەگەڵ حەقە، بەڵام ئاساییە، بەرەی حەقیش هەموو کات تێچوو دەدات''.
  
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ''تێچووەکانی ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی سەرکەوتنی کۆتاییدا بوون، راستە چەندین کەسایەتیی ئێرانی، لوبنانیی گەورەمان لەدەستدا و ئەوە کارەسات بوو بۆ ئێمە، بەڵام بۆ سەرکەوتنی حەق بەسەر ناحەقدا ئەم تێچووانە پێویستە.''
 
وتیشی، ''گومانتان نەبێت ئەنجامی ئەو خۆڕاگرییانەی خەڵکی ئێران شکستی دووژمنان دەبێت، شکستی رژێمی ناپاک و گەندەڵی زایۆنی''.
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، ''بە کوێرایی چاوی دووژمنان، خەڵکی ئێمە پیشانیان داوە، نیزامی کۆماری ئیسلامییان دەوێت''. 
 
رۆژی هەینی، 07ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا نامەیەکی بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە و بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە یان بە دانوستاندن یان بە شەڕ  دەبێت پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران یەکلایی بکرێتەوە. عەلی خامنەیی گوتی، ''دەبێ ئەمریکایییەکان بزانن کە بە هەڕەشەکردن لە ئێران هیچ دەستکەوتێکیان نابێت.''
 
دوای ناردنی نامەکە، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەوانانی وت: "لەگەڵ ئێران گەیشتووینەتە قۆناخەکانی کۆتایی. ئەمە دەبێتە کاتێکی سەرنجڕاکێش و دەبینین چی روودەدات"، بەڵام روونی نەکردەوە مەبەستی چییە.
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دا، ''ئەگەر ئەمریکییەکان کردەوەیەکی نەشیاو بەرامبەر ئێران بکەن، زەبرێکی زۆر قورسیان بەردەکەوێت.''
 
یەکێک لە هەوڵەکانی ئەمریکا لە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران ئەوەیە کە وڵاتەکە واز لە پاڵپشتیی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی لە ناوچەکە بهێنێت. بەڵام عەلی خامنەیی دەڵێت ''ئەوان بەشێکن لە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی و سەربەخۆن، ئێمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆیان، هاوکاری فەلەستینی و لوبنانییەکان بووین و لە داهاتووشدا پاڵپشتییان دەکەین.''
 
خامنەیی ئاماژەی بەوەشدا: ''ئەمریکی و زایۆنییەکان دەبێ بزانن ئێمە هیچ کات دەستپێشخەری شەڕ و تێکهەڵچوون نەبووینە، بەڵام ئەگەر کەسێک دەستپێشخەری بکات، بە تووندترین شێوە وەڵامی دەدەینەوە.''
 
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە، کە لە خولی یەکەمدا لە دژی بەکاریهێنابوو. لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.
 
رێککەوتنەکە لە ساڵی 2015 لەنێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوا دا واژۆ کرابوو. بەپێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێندرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
 
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا)، بۆئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە