پزیشکانی دانەمەزراو لەبارەی دانەمەزراندنیان هۆشداری دەدەن
17 کاتژمێر پێش ئێستا
167 جار خوێنراوەتەوە
نوێنەرێکی پزیشکانی دانەمەزراوی ساڵی 2024 رایدەگەیێنێت، تا ئێستا نائومێدن لە دامەزراندنیان و دەیانەوێت بە نووسراوی فەرمی ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا کە پێویستە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەسەر میلاکی تەندروستیی عێراق دابمەزرێن.
دکتۆر شکۆ شێرکۆ، نوێنەرێکی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024ـە بەمیدیای پارتی راگەیاند، نزیکەی هەشت مانگە دامەزراندنیان دواکەوتووە و ئەگەر لەوە زیاتر دوابکەوێت ئەوا کێشەی سەرەکییان بیرچوونەوەی زانیارییەکانیان دەبێت و ناچار دەبن دوای 18 ساڵ لە خوێندن، لە ماڵەوە دادەنیشن.
بەوتەی ئەوان، دانەمەزراندنیان کێشە بۆ پزیشکانی ئێستای دامەزراوی خولاویش دروستدەکات و پلەبەندییان دوادەخات کە ژمارەیان نزیەکی هەزار کەسە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە وەزارەتەکانی تەندروستی، دارایی، ئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی راژەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدابن بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک
|