مهسعود بارزانی: هیوادارم بهزوترین كات ئۆجهلان ئازاد بكرێت
7 کاتژمێر پێش ئێستا
51 جار خوێنراوەتەوە
مهسعود بارزانی لهپهیامێكدا كه لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد خوێندرایهوه رایدهگهیهنێت، هیوادارین بهزوترینكات عهبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بكرێت و ئاشتیش تاكه رێگهی راست و دروستی تێپهڕاندنی كێشهكانه و دهشڵێت، "هیوادارم کوردانی سوریا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سوریا بگەنە رێککەوتن"
لهپهیامهكهیدا مهسعود بارزانی ئاماژهی بهوهشكردوه، هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێکێک بۆ ئاسودەیی و خۆشی بۆ هەمو خەڵکی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی، ئەو نەورۆزە و هەمو جەژنەکانیان لە کامەرانی و ئاشتیدا بەڕێ بکەن
دەقی پەیامەکهی مهسعود بارزانی:
نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، بەهار و نوێبوونەوە و ئازادییە، نەورۆز واتای ژیانێکی تازە و موژدەی سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکی و زووڵم دەدات.
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو رۆڵەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم.
پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەکەم کە نەورۆز بووەتە بەشێک لە کولتوور و دابونەریتیان. لێرەدا دەمەوێت بەگەرمی پیرۆزبایی نەورۆز لە رەوەندی کوردی و لەو ملیۆنان کوردە بکەم کە بە هەستێکی بەرزەوە و دوور لە خاکی نیشتمان جەژنی نەورۆز بەبەرزی رادەگرن و بەهاکانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵیم کە ئێوە هەمیشە لە هزر و ویژدانی ئێمەدان. خۆشی و جەژنەکانتان درێژکراوەی خۆشی و جەژنەکانی ئێمەیە، جێگەی شانازییە کە دەبینین لە نەورۆزدا ئاڵای ئازادی و شکۆ بەرزدەکەنەوە، زۆر خۆشحاڵم کە لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئەڵمانیا ئاهەنگی نەورۆز سازدەکرێت و سۆزی خۆتان بۆ وڵاتەکەتان دووپاتدەکەنەوە. ئێوە دەنگ و رەنگی گەلەکەتانن و دەستخۆشیتان لێدەکەم.
لە رۆژی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا بەشانازییەوە جەخت لە فەرهەنگی پێکەوە ژیان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان دەکەینەوە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە پشتیوانی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیاین. هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت و ئاشتی بە تاکە رێگەی راست و دروستی چارەسەرکردنی کێشەکان دەزانین.
هەر لەو بۆنەیەدا بەو هیوایەن کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی کورد لە سووریا بێت. کورد بە هەڵوێستێکی هاوبەش و رێکارێکی ئاشتییانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا بگەنە ئەنجامێک کە لە خزمەتی هەموو لایەک دابێت.
هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێکێک بۆ ئاسوودەیی و خۆشی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی، ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەکانیان لە کامەرانی و ئاشتیدا بەڕێ بکەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەکە بتوانن لەژێر سایەی ئارامی و سەقامگیریدا لە کەشێکی ئاشتییانە و برایانە دا بژین. نەورۆزتان پیرۆز، بمێنن بەخێر و خۆشی.
مەسعود بارزانی
30ـی رەشەمێ 2725 کوردی
2025ـی زایینی....
|