هانزی فلیک: بردنەوەی کلاسیکۆی یەکەم خۆشترین سات بوو
50 خولەک پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
هانزی فلیک، دڵخۆشی خۆی بەسەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر ئالاڤێس بە 6 - 1 گۆڵ دەربڕی، خۆشحاڵبوو بەوەی تیپەکەی دوای دوو شکست لە چامپیۆنزلیگ و لالیگا، گەڕایەوە سەر راستەڕێی سەرکەوتن و پەسنی تواناکانی چەندین یاریزانیدا.
بارسا لە گەڕی 11ی لالیگا و لە یاریگای خۆیدا سەرکەوتنە گەورەکەی بەسەر ئالاڤێسدا بەدەستهێنا، پاشئەوەی دوو شکستی یەک لە دوای یەکی لە چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر پاریس سانجێرمان 2 - 4 و لە لالیگا بەرامبەر ریال مەدرید 1 - 2 تۆمارکرد.
فلیک لە دوای یارییەکە گوتی، تەواو رازیم لە تیپەکە، بوونی خۆمان بەسەر یارییەکەدا زاڵکرد، بۆشاییەکانمان قۆستەوە و زۆر سەرسام بووم بەوەی بینیم.
هەروەها گوتی، "ئالاڤێس بەباشی یارییانکرد، یاریزانی باشیان هەبوو لە پشتەوە، دەمانزانی کە ئەوان پەنا بۆ دۆخگۆڕینی خێرا دەبەن، بەڵام بۆشاییان بەجێدەهێشت و ئێمەش بۆشاییەکانمان دەقۆستەوە".
لەبارەی گەڕانەوە بۆ بەدەستهێنانی 100 بردنەوە لەگەڵ بارسێلۆنا، ئەو راهێنەرە گوتی نایەوێت زۆر بچێتە نێو وردەکارییەکانی دەستکەوتەکانییەوە، بەڵام ناشتوانێ بەوەی بەدەستیهێناوە دڵخۆش نەبێت.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە دەڵێ، "من تەماشای رابردوو ناکەم. بەڵام زۆر دڵخۆشم، ئایا باشترین یاریی ئێمە بوو؟ بردنەوەی کلاسیکۆی یەکەمم وەک راهێنەر لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ، یارییەکی ناوازەبوو، بە هەستێکی زۆر پۆزەتیڤەوە بیری لێدەکەمەوە، بۆ هەفتەکانی داهاتووش زاڵ دەبێت بەسەرمدا".
لە یارییەکەدا، فلیک پەنای بردە بەر بەکارهێنانی فرێنکی دی یۆنگ لە هێڵی بەرگری، ئەو لەبارەی ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەمان شتەوە لە داهاتوودا گوتی، زۆر پێکانمان لە هێڵی بەرگریدا هەیە، نازانم یاریزانەکان کەی دەگەڕێنەوە.
فلیک لەبیری نەکرد پەسنی تواناکانی لامین یامال بدات، کە دوو گۆڵی لە یارییەکەدا تۆمارکرد و روونیکردەوە لە پشووی نێوان هەردوو گێم، بەتایبەت قسەی لەگەڵ کردووە.
بارسێلۆنا لە هەفتەی داهاتوودا، لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ئاستۆن ڤێلا دەبێتەوە و دواتریش لە لالیگا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یارییدەکات، بەرلەوەی یاریزانەکانی رووبکەنە ریزی هەڵبژاردەکانیان، بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی گەڕی ئەم مانگەی، فیفا.
|