" تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن پارچە چەک لە عێراق كۆكراوەتەوە "
52 خولەک پێش ئێستا
19 جار خوێنراوەتەوە
لە چوارچێوەی هەڵمەتی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، زیاتر لە ملیۆنێک و 191 هەزار پارچە چەکی بێ مۆڵەت کۆکراونەتەوە، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراقیش داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری هاوکاری حکومەت ببن.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق رایگەیاند: هەفتەی رابردوو لیژنەی نیشتمانی بۆ رێکخستن و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، هەشت هەزار و 731 پارچە چەکیان تۆمارکردووە و بەمەش کۆی ئەو پارچە چەکانەی کۆکراونەتەوە لە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 191 هەزار پارچە چەک.
وتیشی: بەردەوام لە هەوڵدا دەبین بۆ پاککردنەوەی شارەکان لە چەکی بێ مۆڵەت و کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداریی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق داوا لە هاووڵاتییان دەكات لەم هەنگاوە نیشتمانییەدا هاوکاریی حکومەت بکەن.
|