نێچیرڤان بارزانی: هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ سەرکەوتنی ئاشتی دەیکەین

7   کاتژمێر پێش ئێستا  52 جار خوێنراوەتەوە

لە ئامەدی باکووری کوردستان دەیان هەزار هاونیشتمانی بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز کردووە. لە ئاهەنگەکەدا پەیامی نێچیرڤان بارزانی خوێندرایەوە کە رایگەیاندووە، "هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەیکەین."
 
لە پەیامەکەدا هاتووە "جەژنی ئێمەی نەورۆز ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە زەمینەیەک بۆ ئاشتی و ئارامی دروستبووە، بۆ ئەمەش هەوڵی دەوڵەتی تورکیا، لە سەرووی هەموویانەوە هەوڵی بەڕێز، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هەموو ئەوانەی خواستی ئاشتیان هەیە، هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆک ئۆجەلان و هەر کەسێک کە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات، بەرز دەنرخێنم."
 
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەڕێزان، برایانی ئازیز،
گەلی خۆشەویستی ئامەد،
ئامادەبووانی بەڕێزی ئاهەنگی نەورۆز،

ئێوارەتان باش..

لە دڵ و دەروونەوە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێتان لێ پیرۆز دەکەم. نەورۆز، ئەم جەژنە مێژووییە کە نیشانەی ژیانەوە، نوێبوونەوە، هیوا و ئومێدە، کولتوورێکی هاوبەشمانە کە بە درێژایی هەزاران ساڵ، کوردان و گەلانی ئەم ناوچەیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هیوادارم نەورۆزی ئەم ساڵ ببێتە نەورۆزی خێر و خۆشی و سەرکەوتن بۆ هەمووتان.

جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە زەمینە و هیوایەک بۆ ئاشتی و ئارامی دروست بووە. بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی بەڕێز سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و هەموو هێز و لایەنەکان کە ماندووبوونیان بۆ ئاشتی هەیە، هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجەلان و هەر کەسێک کە پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکات، زۆر بە رێز و پێزانینەوە هەڵدەسەنگێنم.

پرۆسەی ئاشتی دەرفەت و هەنگاوێکی مێژووییە، دەبێت لەدەست نەدرێت و هەموو کەس بۆ سەرخستنی ئاشتی بە دڵ و گیان کار بکات. گەلی کورد بە ئاشتی و پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیان، دەتوانێت باشتر و زیاتر دەنگی خۆی بگەیەنێت و مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت. ئاشتی دەتوانێت نێوان گەل و میللـەتان خۆش بکات، وڵاتان ئاوەدان بکاتەوە و بۆ هەموو کەسێک ئارامی بهێنێت.

ئێمە دیسان لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پشتگیریی خۆمان بۆ ئاشتی و سەرخستنی ئەم پرۆسەیە نیشان دەدەین. بۆ ئەوەی ئاشتی سەربکەوێت، هەرچی بکەوێتە سەر شانمان و هەرچی لە ئێمە بێتە خواستن، ئێمە ئامادەین. سەرکەوتنی ئاشتی، سەرکەوتنی هەموومانە.

لە ئەم رۆژ و جەژنە پیرۆزەدا، دیسان لە دڵ و دەروونەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم، جەژن و سەری ساڵتان پیرۆز و بە خێر بێت. هیوادارم نەورۆزی ئەم ساڵ ببێتە نەورۆزی ئاشتی و ئارامی. هیوای جەژن و ئاهەنگێکی خۆش و پڕ چێژ، بۆ هەمووتان دەخوازم. هەر ساخ بن.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
21ـی ئاداری 2025.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە