دادگای فیدراڵی چارەنووسی سێ یاسا مشتومڕاوییەكە یەكلایی دەكاتەوە

2025-02-10  69 جار خوێنراوەتەوە

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای لێبووردنی گشتی و یاسای هەموواری باری كەسی و گەڕانەوەی موڵكی بۆ خاوەن موڵكەكان دا، چەند پەرلەمانتارێك سكاڵایان بۆ ڕاگرتنی ئەو سێ یاسایە تۆماركرد، دادگاش بڕیاری ڕاگرتنی یاساكانی دا، بڕیارە سبەینێ دادگای فیدراڵی چارەنووسی ئەو سكاڵانە یەكلایی بكاتەوە.

دادگای فیدراڵی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەكەی سبەینێی خۆی بڵاوكردەوە، بڕیارە سبەینێ دادگاكە وردبینی و بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان دژی هەر سێ یاسای لێبووردنی گشتی و یاسای هەموواری باری كەسی و گەڕانەوەی موڵك بۆ خاوەن موڵكەكان بكات.

٢١ـی مانگی ڕابردوو هەرسێ یاساكە بە یەك پاكێج لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر درا، دواتر چەند پەرلەمانتارێك سكاڵایان دژی یاساكان تۆماركرد، بەو هۆیەوە ٢ـی شووبات دادگای فیدراڵی بە فەرمانێكی وەلائی جێبەجێكردنی یاساكانی ڕاگرت.

ئەو یاسایانە كێشە و گرفتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی هەردوو یاسای باری كەسی و لێبووردنی گشتی، شیعەكان پێیان وابوو بە لێبووردنی گشتی چەتەكانی داعش ئازاد دەكرێن، سوننە و بەشێكی زۆری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆ و دەرەوە دژی هەموواری یاسای باری كەسی بوون، بە نەهێشتی ڕۆڵی دادگاكان و منداڵ بەشوودان وەسفیان كرد.

جێگای ئاماژەیە، یاسای گەڕانەوەی موڵك بۆ خاوەن موڵكەكان پەرلەمانتاران و لایەنە كوردییەكان وەك دەستكەوتێك بۆخۆیان وێنایان دەكرد، پێیان وابوو زەویی و زارەكانی سنووری پارێزگای كەركووك دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانی كە كوردن، بەڵام دوای ڕاگرتنی جێبەجێكردنی ئەو سێ یاسایە كورد بێ دەنگی هەڵبژاردووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە