هێزەكانی هەسەدە چوار سەربازی توركیایان بەدیل گرتوە
2025-02-10
125 جار خوێنراوەتەوە
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) چوار سەربازی توركیای لە ڕۆژئاوای ڕوباری فورات بەدیل گرتوە كە دەزەیان كردوەتە ئەو ناوچەیەوە. دەشڵێت، "پێشتر گرووپە چەكدارەكان 10 ئەندامی هەسەدەیان لە مەنبەج ئازادکردووە دوای ئەوەی بڕی پێنج هەزار دۆلاریان بۆ هەر یەكێكیان وەرگرت".
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات چوار سەربازی توركیایان لە بەرەی پردی قەرەقۆزاك بە دیل گرتوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات دزەیان كردوەتە رۆژئاوای ڕوباری فورات لەناوچەی "مزرعە قائد" لە بەرەی پردی قەرەقۆازك، ئەو چوار سەربازەیان بەدیل گرتووەو تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە 4ی ئەم مانگەشدا، گروپە چەكدارەكانی سوپای نیشتمانی (نزیک لە توركیا)، 10 ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە مەنبەج ئازاد کرد، دوای ئەوەی بڕی پێنج هەزار دۆلاریان بۆ هەر ئەندامێک وەرگرتن.
ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستگیركردنی ژمارەیەك سەربازی توركیای ڕاگەیاند، كە ئەو بە "ئەندامی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) ناویبردن و وتی، "بەمزوانە دانپێدانەكانیان بڵاودەكەینەوە".
|