وەزارەتی دارایی: لەگەڵ بەغدا گەیشتینە ڕێككەوتن
2025-02-10
61 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، دوای کۆبونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق گەیشتنە ڕێکكەوتن و ئەو هاوتاکردنەی هەرێم کردویەتی، هاوشێوەی خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵە و وەک خۆی جێبەجێکراوە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ دو شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای کۆبونەوەی لیژنەی سەرەکی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەهاوتاکردنی موچەی خانەنشیان لە ڕۆژی دو شەممە 10ی (شوبات/2)ی 2025 لە شاری بەغداد، لیژنەکە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (9) ساڵی (2014)ی خانەنشینی یەکگرتوی عێراق گەیشتنە ڕێکكەوتن.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەجۆرێک ئەو هاوتاکردنەی هەرێمی کوردستان لە مانگی (تەمموز/2)ی ساڵی 2024 تایبەت بە خانەنشینانی مەدەنی جێبەجێیکردوە، هاوشێوەی خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵە و وەک خۆی جێبەجێکراوە.
ئەوە لەكاتێكدایە سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند، هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی هەرێم ڕێکەوتنی لەسەر كراوە، موچەی هەمو خانەنشینانی هەرێم هاوتا دەکرێت واتە ئەوەی هەرێم کردویەتی قبوڵکرا.
|