گەڕی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەکات

2025-02-10  113 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گەڕی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەستپێدەکات و ئەم جارە زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "مامەڵەی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە".
 
ئەمە لە کاتێکدایە، قۆناغی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ـی تشرینی دووەمی پارساڵ دەستیپێکرد. لە هەولێر 5 هەزار، لە سلێمانی 6 هەزار و 577، لە گەرمیان دوو هەزار و 474، لە دهۆک هەزار و لە زاخۆش هەزار و 241 پارچەزەوی دابەش کران.
 
حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەو پرۆسەیە "لەژێر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە".
 
لە گەڕی دووەم، زەوییەکان دەکەونە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، راپەڕین، گەرمیان و زاخۆ. ئەمە وەکو حکومەت بڵاویکردووەتەوە. دەشڵێت، ئەم جارە 240 هەزار و 111 فەرمانبەر سوودمەند دەبن.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری 2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە