ئەردۆغان لەبارەی یەپەگە: هیچ شوێنێکیان لە سووریادا نییە
2025-02-10
93 جار خوێنراوەتەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەر لە بەرێکەوتنی بۆ وڵاتی مالیزیا لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی سازکرد.
ئەردۆغان وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی داهاتووی شەڕڤانان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دایەوە و وتی: "لە سووریادا هیچ شوێنێک بۆ رێکخراوە تیرۆرستییەکان نییە. ئەو تێکۆشانەی ئێستا بەڕێز شەرع لەوێ دەیکات، دژی رێکخراوە تیرۆرستییەکانە. دەبێت لە خاکی سووریا کۆتایی بە چالاکییەکانی رێکخراوە تیرۆرستییەکان بێت، جا چەک دابنێن یانیش چەکیان پێ دابنرێت. بە روون و ئاشکرا ئەمانەمان لەگەڵ بەڕێز شەرع باسکردن".
وتیشی، "نابێت جگە لە سوپای سووریا کە بۆ فەراهەمکردنی سەقامگیریی هەمیشەیی دروستکراوە، گرووپی چەکداری هەبن. لەم بابەتەدا پێشهاتە ئەرێنییەکان دەبینم. هەر لەم بارەیەوە دەرفەتی ئەوەم هەبوو گوێ لە بەڕێز شەرع بگرم".
ئەمە لەکاتێکدایە لە سووریادا جگە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گرووپی دیکەی بچووکیش هەن. ئەردۆغان رایگەیاند کە زۆر لەو گرووپانە خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و چوونەتە ریزی سوپای سووریا.
ئەردۆغان وتیشی "رێکخراوە تیرۆرستییەکانی وەکو داعش و پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە، وا بیردەکەمەوە دەبێت تێبگەن لەوەی هیچ شوێنێکیان لە سووریادا نییە. ئەمە بابەتێکە کە لەگەڵ بەڕێز شەرع بیرکردنەوەی هاوبەشمان لەبارەیەوە هەیە. ئێمە وەکو تورکیا سڵ ناکەینەوە لە پشتیوانیی پێویست بۆ سووریا، چونکە ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانە بۆ ئێمە و دراوسێشمان هەڕەشەن. لەنێوبردنیشیان شتێکە دەستی لێهەڵناگیرێت. لە بەرامبەر ئەو رێکخراوانە کەمترین لێبوردەییمان نییە، لەم بارەیەوە لە خاکی وڵاتەکەماندا سەرکەوتوو بووین و ئامادەین بۆ هەمان سەرکەوتن لە باکووری سووریا".
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر رۆژی 4-2-2025 سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە، دواتریش کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان سازکرد.
|