شاخەوان عەبدوڵا بۆ تەیف سامی: سزادانی فەرمانبەران قبوڵ ناکەین

2025-03-11  193 جار خوێنراوەتەوە

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هۆشداری بە وەزیری دارایی عێراق دەدات لەسەر دواخستنی مووچە و دەڵێت: چی دیكە مایەی قبوڵ كردن نییە” و ئاشكراشی دەكات، سودانی وتی مووچەی مانگی دوو دەنێرم.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ میدیاكان وتی، “وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ داوای زانیاری لە ئێمە نەكردووە، كە بەشێكین لە دامەزراوەی فیدڕاڵی، بەڵكو داوای لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئەوەش تەنها بۆ پەكخستن و دەستی بەدەستییە، چونكە دێت لە كۆتایی مانگدا هەندێك بانوو دەۆزێتەوە بۆ ئەوەی مووچە دوابخات، خۆ ئەگەر زانیاری بۆ لیستی مووچە دەوێت لە سەرەتای مانگدا داوای بكات نەك لە كۆتاییدا”.

وتیشی، “ئەوەی تەیف سامی دەیكات، نەك هەر ئەو بەڵكو سیاسەتێكە و بەردەوام نابێت بەو شێوەیە و نە پەرلەمانتارانی كورد ئەوە قبوڵ دەكەن و نە بەرپرسان و سیاسییەكانی كورد قبوڵ دەكەن ونە حكومەتی هەرێم قبوڵی دەكات”.

شاخەوان عەبدوڵڵا دەشڵێت: پێرێ لای سودانی بووم، وتی مووچەی مانگی دوو دەنێرم، بەڵام دەبێت سەرۆك وەزیرانی عێراقیش لەسەر ئەو پرسە زیاتر لەگەڵ ئێمە ڕوون بێت و ناكرێت تەیف سامی هەموو جارێك بڵێت كە دەبێت سودانی داوام لێ بكات مووچەی هەرێمی كوردستان خەرج بكەم.

جەختیشی كردەوە، دەبێت ئەوە ڕوون بكرێتەوە كێ لە پشت ئازاردان و سزادانی فەرمانبەرانی ئێمەیە و ئیتر چیی دیكە مایەی قبووڵكردن نییە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە