مەسعود بارزانی: رێککەوتننامەی 11ـی ئادار هەڵگری وانەی ستراتیژی و گرنگ بوو

2025-03-11  100 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی رایگەیاند رێككەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 وای کرد دەرفەت بێتە کایەوە کە گەلی كوردستان، بتوانێ كار لەسەر خۆبەڕێوەبردن و بەهێزكردنی زمان و كولتوور و دابینكردنی سەقامگیری بكات.
 
دەقی پەیامی مەسعود بارزانی بۆ یادی 55 ساڵەی رێککەوتنامەی 11ـی ئادار:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
رێككەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 دەستكەوتێكی مێژوویی و گرنگی خەباتی گەلی كوردستانە بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر. بۆ یەكەمین جار حكومەتی عێراقی دانی بە بەشێك لە مافەكانی گەلی كورد نا و ئەو دەرفەتە هاتە كایەوە گەلی كوردستان بتوانێ كار لەسەر خۆبەڕێوەبردن و بەهێزكردنی زمان و كولتوور و دابینكردنی سەقامگیری بكات. ئەو رێككەوتنە بەرهەمی تێكۆشان و خەباتی پێشمەرگە و كەوادیری حزب و سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول بوو و هەڵگری وانەی ستراتیژی و گرنگ بوو بۆ قۆناغەكانی دواتری خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بووە هۆی بەهێزتربوونی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
 
لە 55ـەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی 11ـی ئاداردا، هەزاران سڵاو بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شۆڕشەكانی كوردستان دەنێرین و، پێزانینمان بۆ هەموو پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی ئەیلوول هەیە، كە بە كۆڵنەدان و پێداگری و ورەی پۆڵایینیان، دەستكەوتی گەورەیان بۆ گەلەكەیان مسۆگەر كرد.
 
مسعود بارزانی
11ـی ئاداری 2025


   ئەمانەش بخوێنەرەوە