پەروەردەی سلێمانی: بایکۆت بە تەواویی کۆتاییهات

2025-03-11  193 جار خوێنراوەتەوە

لە سنووری شاری سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆت خوێندن کۆتایی هاتووە. بەڵام لە ئیدارەی گەرمیان و بەشێکی ئیدارەی راپەڕین بایکۆت بەردەوامە.
 
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە میدیاکانی وت: "بایکۆت لە سنوورەکەمان کۆتایی هات و دوێنێ لە تەواوی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووە و وانە خوێندراوە".
 
هەر ئەمڕۆ فەرهاد قادر، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە بە ٧ڕۆژی راگەیاند: "لە تەواوی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووەتەوە، ئەگەر بە دەگمەن مامۆستایەک بەردەوامبووبێ لە بایکۆت ئەوە دوای پشووی ئەم چەند رۆژە دەگەڕێتەوە".
 
ئیدارەی راپەڕین یەکێک بوو لەو ناوچانەی بایکۆتی تێدا بوو. یوسف جەلال بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی ئیدارەکە وتی: "لە سەنتەری قەزای رانیە خوێندن ئاسایی بووەتەوە، بەڵام لە قەزای پشدەر هێشتا بایکۆت ماوە".
 
بە وتەی یوسف جەلال، لە پشدەر قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکی مامۆستایان نەگەڕاونەتەوە و بەردەوامن لە بایکۆت.
 
لە گەرمیان بایکۆت بەردەوامە. بە گوێرەی زانیارییەکان، بایکۆت لە زۆرینەی قوتابخانەکەی سنووری پەروەردەی گەرمیان تاوەکو دوێنێ بەردەوام بووە.
 
پێشتر عەدنان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، بەمیدیاکانی وتبوو: "بەردوامیی بایکۆت زیانی زۆر بە قوتابیان و دواڕۆژیان دەگەیێنێت؛ داواکارین حکومەت لە هەولێرەوە مامۆستایانی ناڕازی بانگ بکات و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان گوێ لە داواکانیان بگرێت، چونکە چ مامۆستا بێ یان قوتابی هەر کەسوکاری خۆمانن".
 
هاوکات عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند: "لەنێو شاری سلێمانی دۆخی خوێندن ئاسایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا لە دەروروبەری شار بایکۆت ماوە و کۆتایی نەهاتووە".
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە