ترەمپ نامەیەکی بۆ خامنەیی ناردووە داواکارییەکی هەبووە
2025-03-07
335 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەیەوێت دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بکات و ڕۆژی پێنجشەممە نامەیەکی بۆ سەرکردایەتی ئێران ناردو ڕایگەیاند، هیوادارە ئەوان ڕێکبکەون لەسەر گفتوگۆکردن.
دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس بزنس کە ئەمڕۆ هەینی پەخشکرا، وتی: وتم هیوادارم دانوستان بکەن، چونکە بۆ ئێران زۆر باشتر دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "پێموایە ئەوان دەیانەوێت ئەو نامەیە بەدەستبهێنن. بەدیلەکەی دیکە ئەوەیە کە دەبێت شتێک بکەین، چونکە ناتوانیت ڕێگە بە چەکی ئەتۆمی دیکە بدەیت".
پێدەچێت نامەکە ئاڕاستەی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵاى ئێران بووبێت. کۆشکی سپی دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکی سەبارەت بەو بابەتە نەدایەوە.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ کازم جەلالی باڵیۆزی ئێران، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دەوروبەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تاوتوێ کردووە.
|