مەسرور بارزانی: لە ژێر هیچ هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافەکانمان نابین

2025-03-05  113 جار خوێنراوەتەوە

مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە.
بە بۆنەی 34ـەمین ساڵیادی ڕاپەرینی ساڵی 1991ـی خەڵکی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

سەرۆک وەزیران دەڵێت: یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشداریان تێیدا کرد. 

دەقی پەیامەکە:

لە (34)ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشداریان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت و لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتییشەوە، پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە ئاراوە .

ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە لە سەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بە هۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون كە مەحاڵە خەڵکی کوردستان، لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت.

شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 .

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان .


   ئەمانەش بخوێنەرەوە