توركیا ئامادەیە بۆ دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

2025-03-05  223 جار خوێنراوەتەوە

بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان ڕایگەیاند، توركیا بە فەرمی عێراقی ئاگاداركردوەتەوە كە بەندەری جەیهان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی نەوت و لە ئێستادا بەغدا چاوەڕێی هەرێمە بۆ دیاریكردنی وادەیەك بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوت بە تێكڕای 185 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تا دەگاتە ئەو توانایانەی کە دەبێت دواتر هەناردە بکرێت.

باسم محەمەد خزەیر، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی الصباح-ی زمانحاڵی فەرمی حكومەتی عێراقی رایگەیاند، لایەنی تورکیا ئاگاداری کردونەتەوە كە بەندەری جەیهان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی نەوت، پشکنینی بۆری هەناردەکردنی نەوتی خاویش لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری تورکیا تەواوبوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی نەوت هەمو پابەندییەكانی جێبەجێکردوە و چاوەڕێن هەرێم گڵۆپ سەوز هەڵبكات بۆ دیاریكردنی وادەیەك بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوت بە تێكڕای 185 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، تا دەگاتە ئەو توانایانەی کە دەبێت دواتر هەناردە بکرێت، بەپێی ئەو بڕەی کە لە بودجەی فیدراڵیدا دیاری کراوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوت باسی لەوەشكرد، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2ـی (شوبات/2)دا هەمواری بودجەی پەسەند کرد، کە بڕی قەرەبوی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دیاری کرد، هەموارەکە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند دەکات بە گواستنەوەی بەرهەمی نەوتی خۆی بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵیەوە بەڕێوەدەبرێت.

لەبارەی گرێبەستەكەی عێراق و کۆمپانیای (بی پی)ـی بریتانی بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوک، ئەو بەرپرسەی عێراق وتی، "پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتودا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت و گرێبەستەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی؛ بای حەسەن، کەرکوک بە دو قوبەکەی "بابا و ئاڤانا"، جەمبور، و خەبات.

دەشڵێن، "ئامانجمان ئەوەیە بەرهەمهێنان لەو چوار كێڵگەیە بكاتە 420 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە ماوەی دو بۆ سێ ساڵدا، هەروەها وەبەرهێنانی 400 ملیۆن پێ سێجا لە غازی هاوەڵ و نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی غاز لە باکور و دامەزراندنی وێستگەیەکی کارەبا بە توانای 400 مێگاوات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە