شێخ جەعفەر: راپەڕین بوو بە تاجی شکۆ و سەروەری بۆ گەلی کوردستان
2025-03-05
348 جار خوێنراوەتەوە
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکیدا بۆ ٣٤هەمین ساڵیادی راپەڕین رایگەیاند: "راپەڕین بووە تاجی شکۆو سەروەری بۆ خەڵکی کوردستان و هۆکاری دروستبونی قەوارەی هەرێمە".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفاجێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بۆ یادی راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ رایگەیاند: "هەموو ساڵێک لە ٥ی ئازار بە شکۆوە یادی ڕاپەڕین پیرۆز دەکەین، ئەمساڵیش لە یادی (٣٤) ساڵەی ڕاپەڕین دژی زوڵم و ستەمی ڕژێمی فاشیزمی بەعس، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانیانی ئازیز و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و خانەوادەی قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران و سەرجەم ئەوانەی لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کوردستان تێکۆشاون، دەکەم".
"ئەم ڕاپەڕینە بوو بە تاجی شکۆ و سەروەری بۆ گەلی کوردستان وهەروەها دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتۆتە ئاراوە"، جێگری سەرۆکی هەرێم وادەڵێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەش دەڵێت: "لەم یادە پیرۆزەدا گرنگە بە یەکڕیزیی و ڕۆحیەتیی نیشتیمانپەروەری هەنگاو بنێین بۆ قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتووگۆ، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان و فەراهەمکردنی ژیانێکی پڕ شکۆ و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی کوردستان".
|