لە هەولێر 8 تۆن خواردنی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیرا

2025-03-05  301 جار خوێنراوەتەوە

تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا لە پارێزگای هەولێر بەبێ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 8 تۆن خواردن و خواردنەوەی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە. زۆربەی خواردنەکانیش ئەوانەن کە لە رەمەزاندا خواستی لەسەرە.
 
خاوەن کۆگایەک بە لیژنەکانی چاودێری بازرگانی وتوە، ئەگەر خۆراکەکە دەستیبەسەردا نەگیرابووایە، لە ماوەی 10 رۆژ دوو تۆن خۆراکیان لەسەر عەرەبانەکانی شێخەڵڵا و سەرشەقامەکان دەفرۆشتن. 
 
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر دەڵێت، "زۆربەی ئەو خۆراکانەی دەستمان بەسەر دا گرتووە، ئەوانەن کە لە مانگی رەمەزاندا خواستی زۆریان لەسەرە، بە نموونە خورما. خاوەن دووکانەکان چوکلێتەکەیان لەنێو زەرفی خۆیان دەرهێناوە و بەشێوەی فەل دەیفرۆشن." 
 
لە دوو مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، لە هەرێمی کوردستان 355 تۆن خواردن و خواردنەوەی ماوەبەسەرچوو دەستیانبەسەرداگیراوە و لەنێوبردراون. هەروەها زیاتر لە هەزار و 700 شوێنیش سزادراون.
   
زانا محەممەد، بەرپرسی پشکنین لە چاودێری بازرگانیی هەولێر باس لەوە دەکات، "پێنج ژمارە تەلەفۆنمان کراوەیە و هەر هاووڵاتییەک لە هەر شوێنێک سکاڵای هەبوو، با ئاگەدارمان بکاتەوە و بەدوای سکاڵاکەی دا دەچین."
 
هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری سلێمانی لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامیەتەوە 65 تۆن گۆشتی بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیرا کەلەسنورەکانەوە بە نایاسایی هێندرابوویەوە ناو شاری سلێمانییەوە

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە