لەمەودوا پشکنینی مادەی هۆشبەر بۆ کارمەندانی نەخۆشخانەکان دەکرێت

2025-03-05  280 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لەمەودوا بە کتوپڕی بۆ پشکنینی مادەی هۆشبەر و دۆزینەوەی بەکارهێنەران، دەچنە نەخۆشخانەکان و ناوەندەکانی خوێندن.
 
حوسێن تەمیمی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، وەک یەکەم هەنگاو، ساڵی رابردوو وەزیری ناوخۆ بڕیاری دا کە لیژنەیەکی باڵا پێکبهێندرێت بۆ پشکنینی مادەی هۆشبەر بە کتوپڕی.
 
بەوتەی تەمیمی ئێستا لیژنەیەکی دیکە پێکهێنراوە و دەستبەکاربوون، کە بەشێوەی کتوپڕ دەچنە قوتابخانە، زانکۆ، نەخۆشخانە و دامەزراوە حکومییەکان و پشکنینی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بۆ کارمەندانی تەندروستی، مامۆستا و قوتابییان دەکەن.
 
ئەم بڕیارە بەجۆرێکە کە هەموو نەخۆشخانە و کارمەندە تەندروستییەکانیش لەمەودوا پشکنینی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریان بۆ دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتییەکەش جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر کەسێک بەکارهێنەر بێت رێوشوێنی دیاریکراوی لەسەر دەگیرێتە بەر.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو یەکی ئەم مانگە، زیاتر لە یەک تۆن و 750 کیلۆگرام لە سەرجەم جۆرەکانی مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەرداگیراوە و، نزیکەی 2000 هەزار تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی کردن بەو مادانە دەستگیرکراون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە