هۆکاری هەناردە نەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئاشکرا کرا
2025-03-05
387 جار خوێنراوەتەوە
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە دەڵێت، نەبوونی رێککەوتنی فەرمی لەگەڵ حکومەتی عێراق، هۆکاری ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێنەکردووەتەوە.
مایڵز کاگینز، وتەبێژی ئەپیکور بەمیدیای پارتی راگەیاند، رەنگە رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لە بەغدا بکرێت.
مایڵز لەبارەی کۆبوونەوەکە وتی، "پێشوازی لە هەر کۆبوونەوەیەک دەکەین کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەخۆبگرێت و ببێتە هۆی رێککەوتن لەسەر گرێبەستەکان و هەناردەکردنەوەی نەوت."
ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجەکانیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت نەگۆڕاون.
کۆمپانیاکان داوا دەکەن رێککەوتنێکی نوێ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت کە بە رێککەوتنی (فرۆشتن و وەرگرتن) ناسراوە.
رێککەوتنەکە بەوتەی کاگینز، "رێککەوتنێکی سادەیە و روونی دەکاتەوە کەی و چەندە نەوت وەردەگیرێت؛ هەروەها روونی دەکاتەوە ئەو نەوتەی لە کێڵگەکان وەردەگیرێت، دەبێت چ کواڵیتییەکی هەبێت؛ هەروەها روونی دەکاتەوە کۆمپانیاکان چۆن قەرەبوو دەکرێنەوە."
بەپێی هەمواری یاسای بودجە، حکومەتی عێراق بۆ هەر بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیداتە کۆمپانیاکان.
کۆمپانیاکانی نەوت داوای گەرەنتی دەکەن کە شایستە داراییەکانیان دەدرێت، هەروەها داوای داڕشتنی میکانیزمێک دەکەن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
رۆژی شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە ئەپیکور و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، رۆژی سێشەممە شاندیان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا، هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، لە چەند کاتژمێرێکدا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن، بەڵام 8 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان رەتیانکردەوە نەوت هەناردە بکەن تاوەکو رێککەوتنێک نەکرێت بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان.
|