لێدوانی وەزیری بەرگری تورکیا لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان
2025-03-04
415 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ناهێڵن بەربەست بۆ پرۆسە "بێناوەکەی" تورکیا دروست ببێت. دەشڵێت، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە، لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان رایگەیاند، هەرگیز رێگە نادەن بەربەست بخرێتە بەردەم پرۆسەکە.
وتیشی: ''بە پرۆسەیەکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕین. ئەگەر قۆناخەکە گەیشتبێتە ئەو ئاستەی ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و کۆتایی بەوانە بهێندرێت کە بە بیانووی جیاوازەوە تیرۆریان لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە، ئەمە لە سایەی باجێکی قورسەوە بووە''.
وەزیری بەرگریی تورکیا راشیگەیاند، ئەو ''باجە قورسە'' لەلایەن سەربازانی وڵاتەکەی دراوە کە لە شەڕی پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بە زیانەکانی تورکیا لە شەڕیان لەگەڵ پەکەکە، نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی 21ی شوباتی 2025 رایگەیاند، شەڕەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 40 هەزار کەس، لانیکەم دوو تریلیۆن دۆلاریش زیانی مادیی هەبووە.
|