سێ هەنگاو بەهاى دیناری بەرامبەر دۆلار بەرز کردووەتەوە
2025-03-03
175 جار خوێنراوەتەوە
هەشت رۆژە 100 دۆلار بە کەمتر لە 150 هەزار دینار مامەڵەى پێوە دەکرێت. یەکەمجار بوو ئەم ساڵ دینار ئەو بەهایە تۆمار بکات کە بەگوێرەى بەدواداچوونى ٧ڕۆژ، هۆکارە سەرەکییەکەى راکێشانى دینارە لە بازاڕدا.
بەیانیى ئەمڕۆ دووشەممە 3ى ئادارى 2025 دۆلار نەیتوانى بەهاکەى بگەڕێنێتەوە بۆ 8 رۆژ پێش ئێستا و بە 147.750 دینار مامەڵەى پێوە کرا، کە لە 23ى شوباتەوە بەهاکەى گەیشتە خوار 150 هەزار دینار.
یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى بەهاى دینار، زۆریى دۆلارە لە بازاڕى نێوخۆیی. جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، "بانکى ناوەندى دۆلارى زیاترى خستووەتە بازاڕەوە بەراورد بە رۆژانى دیکە، کە وای کردووە بەهاى دینار بەرز ببێتەوە."
لە 23ى شوباتەوە بانکى ناوەندى 5 جار دۆلارى خستووەتە بازاڕەوە، بە تێکڕا قەبارەکەى یەک ملیار و 448 ملیۆن و 694 هەزار دۆلار بووە.
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەش دا، رێکارى نوێى بانکى ناوەندى بۆ فرۆشتنى دۆلار لە رێگەى بانکەکانەوە لەبرى تێپەڕبوون بە سەکۆى ئەلیکترۆنى، رۆڵى هەبووە لەو گۆڕانکارییە لە بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار.
لە 1ى کانوونى دووەمى ئەم ساڵەوە، بانکى ناوەندى فرۆشتنى دۆلارى بۆ حەواڵەى دەرەکى دایە چەند بانکێکى مۆڵەتپێدراو، لەبرى ئەوەى بازرگانان لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە چاوەڕێى رەزامەندیى خەرجکردنى دۆلارەکەیان بکەن.
لەو بڕە دۆلارەى لە 23ى شوباتەوە بانکى ناوەندى فرۆشتوویەتى، 1.3 ملیار دۆلارى بۆ حەواڵەى دەرەکى بووە، کە کاریگەریى راستەوخۆى لەسەر بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار دەبێت.
بانکى ناوەندى دۆلار بۆ 1310 بۆ بازرگانى دەرەکى و 1305 بە گەشتیاران دەفرۆشرێت، ئەو هەنگاوە بەگوێرەى چەند رێکارێک دەبێت بۆ گەرەنتیکردنى ئەوەى ئەو دۆلارە بە قاچاخ نەبرێت.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی راگەیاندووە، "دوو هۆکارى دیکە هەن رۆڵیان لە بەرزبوونەوەى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار هەبووە و تایبەتن بە رێکارەکانى بانکى ناوەندى، کە بریتین لە دەرکردنى بەڵگەنامەى پارەدانان و وەبەرهێنانى شەو و رۆژ و مانگانە."
بەڵگەنامەى پارەدان چوار جۆرى هەیە، لە 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ یەک ملیۆن دینار و ماوەکەشى دەگاتە چوار ساڵ، هاووڵاتییان لە رێگەیەوە دینارى عێراقى لە بانکى ناوەندى هەڵدەگرن. سەروەت جاف دەڵێت، "رێژەى سووى ئەو پارانە دەگاتە 7.5% بۆ 8.5%."
هەنگاوەکەى دیکەى بانکى ناوەندیى عێراق، دانانى پارەیە لەو بانکە بەناوى وەبەرهێنانى شەو و رۆژ، یان مانگانە بەرامبەر بە قازانج و دەبێت پارەکە بە دینار بێت، ئەو هەنگاوە وایکردووە زیاتر بانکەکان دینارى عێراقى لەو وەبەرهێنانە دابنێن.
بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی ئاماژەى بەوە دا، ئەو هەنگاوانەى بانکى ناوەندى وایان کردووە دینار لە بازاڕ و بانکە ئەهلییەکانیشدا بەرەو بانکى ناوەندى بچن، بەوەش خواست لەسەر دینار زیاتر بووە بەرامبەر بە دۆلار و بەهاکەى بەرز کردووەتەوە.
|