هەسەدە: سیخوڕێك دەستگیركرا كە كاری بۆ ڕژێمی پێشو دەكرد
2025-03-03
201 جار خوێنراوەتەوە
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان (تۆڵ) لە شاری حەسەكە سیخوڕێكیان دەستگیركرد كە ناوی "ئیسلام مەعروف"، بەشداریکردوە لە ئەنجامدانی چەندین ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی دژی هێزەکانیان، هەروەها هێرشی دژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شارەکانی حەسەکە و دێرەزور ئەنجامداوە.
ناوەندی ڕاگەیاندی هەسەدە، ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوێنێ یەکشەممە تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئۆپەراسیۆنێکی وردی ئەمنییان لە شاری حەسەکە ئەنجامدا و تێیدا سیخوڕێکی سەر بە ڕژێمی پێشویان دەسگیركرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە دوای كۆكردنەوەی زانیاری ورد لەسەر ئەو سیخوڕە ئەنجامدراوە كە ناوی "ئیسلام مەعروف"، نازناوی "ئیسلام خەفاجی"ی لێنراوە، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری حەسەکە گەمارۆیان داوە و توانیویانە دەستگیری بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەو سیخوڕە یەكێك بوە لەو شانە مەترسیدارانەی كە بەشداریکردوە لە چەندین ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی دژی هێزەکانیان، هەروەها هێرشی دژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شارەکانی حەسەکە و دێرەزور ئەنجامداوە، ئەوە جگە لە تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە .
ئەوەشیخستەڕو، هێزەکانپان دوپاتی دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە ڕاوەدونانی هەمو ئەو كەس و شانانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی خەڵک و ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، هەروەها دەست لە دەستگیرکردنیان ناپارێزن، ئەوەش سەرەڕای سەرقاڵبونیان بە بەرەنگاربونەوەی هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەكدارەكانی بۆ سەر ناوچەکانیان.
|