ئیسرائیل سەرجەم هاوكارییە مرۆییەكانی بۆ غەزە ڕاگرت
2025-03-02
102 جار خوێنراوەتەوە
دوای كۆتایی هاتنی قۆناغی یەكەمی ڕێككەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەكان، گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ ناو كەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاگیرا، ئەمەش دوای ئەوە هات حەماس پێشنیارێكی نوێی ئەمریكای بۆ ئاگربەست ڕەتكردەوە.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە ڕاگرتنی چوونی هاوكاریی مرۆیی بۆ غەزە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لەگەڵ كۆتایی هاتنی قۆناغی یەكەمی ڕێككەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەكان، بڕیارمانداوە لە ئەمڕۆوە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ ناو كەرتی غەزە ڕابگرین.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حەماس پلانەكەی نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ڤیتكۆڤ سەبارەت بە درێژكردنەوەی ڕێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە بۆ مانگی رەمەزان ڕەتكردووەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەبێ ئازادكردنی ڕفێنراوەكانمان، ئاگربەست لە غەزە پەسەند ناكەین، هەروەها ئەگەر حەماس لەسەر ڕەتكردنەوەی ئاگربەست لە غەزە بەردەوام بێت، ئەوا لێكەوتەی دیكەی دەبێت.
ئەمڕۆ حەماس پێشنیاری ستیڤ ڤیتكۆڤ نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاگربەستی كاتی لە مانگی ڕەمەزاندا ڕەتكردەوە.
|