قاسم شەشۆ: ئەو پێشمەرگانەی چوونە ناو سوپای عێراق ژمارەیان زۆر کەمە
2025-03-02
173 جار خوێنراوەتەوە
فەرماندەی ئەو پێشمەرگانەی چوونیان بۆ نێو سوپای عێراق راگەیاند، دەڵێت: ئەو ژمارەیەی لەبارەی خۆیانەوە داویانە، راست نییە و هیچ ئەفسەرێکیشیان تێدا نییە.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی لیوای شنگال بە میدیایی پارتی وتووە"ئەو ژمارەیەی ئەوان بڵاویان کردووەتەوە کە گوایە 1200 کەسن، هیچ بنەمایەکی نییە و 200 کەسیش نابن."
ڕۆژی شەممە، 1-3-2025 چەند پێشمەرگەیەکی لیوای شنگال کە سەر بە یەکەی 80ـی پێشمەرگەن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە بەغدا کردیان، چوونیان بۆ نێو سوپای عێراق راگەیاند.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کەسێک بە پلەی عەقید بەناوی پێشمەرگەکانەوە قسەی کرد. بەڵام قاسم شەشۆ دەڵێت "ئەوانەی چوونەتە بەغدا، هیچ ئەفسەرێکیان تێدا نییە، چ جای ئەوەی بگاتە پلەی عەقید."
ئەو فەرماندەیەی لیوای پێشمەرگەی شنگال دەڵێ "ئێمە زیاتر لە 8 هەزار پێشمەرگەمان هەیە، بەردەوامین لە جێبەجێکردنی ئەرکی سەربازیی خۆمان و پاراستنی خاکی کوردستان."
لەبارەی ئەگەر گەڕانەوەی بەشێک لەو پێشمەرگانەوە وتی، "بەشێکیان گەڕاونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت زیاتریش بگەڕێنەوە."
|