پەرلەمانی ئێران متمانەی لە وەزیری دارایی وەرگرتەوە

2025-03-02  142 جار خوێنراوەتەوە

پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە وەزیری ئابووری و دارایی وڵاتەکەی وەرگرتەوە. ئەمەش بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری وڵاتەکە و بەتایبەتیش دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیشتنی پەرلەمانی ئێران بۆ لێپێچینەوە لە ناسر هیممەتی، وەزیری ئابووری و دارایی وڵاتەکە بەڕێوەچوو و لە دانیشتنەکە سەرۆککۆماری ئێران ئامادە بوو.
 
دوای ئەوەی مەسعود پزیشکیان، بەرگری لە وەزیری ئابووری و دارایی کرد، هیممەتیش بەرگریی لە کارەکانی خۆی کرد، پەرلەمانتارانیش تێبینییەکانی خۆیان لەسەر وەزیر خستەڕوو، پاشان وەرگرتنەوەی متمانە لە ناسر هیممەتی خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لێ وەرگیرایەوە.
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە دانیشتنەکەدا لە کۆی 273 پەرلەمانتار 182ـیان دەنگیان بە بەڵێ و 89ـیان بە نەخێر دەنگیان بە دوورخستنەوەی وەزیرەکە داوە.
 
هیممەتی لە دانیشتنەکەدا دانی بە سەختی دۆخی ئابووری وڵاتەکە ناوە، هەرچەندە رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکە 35٪ـە، بەڵام هیممەتی دەڵێت لەماوەی کارکردنیدا توانیویوتی بە رێژەی 10٪ هەڵاوسان کەمبکاتەوە.
 
پێشنیازی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان دەتوانرێت بخرێتە بەردەم پەرلەمان کاتێک بە واژۆی لانیکەم 10 پەرلەمانتار پێشکەشی پەرلەمان بکرێت، وەزیر دەبێ 10 رۆژ دوای ئەوە پێشنیارە لە پەرلەمان ئامادە بێت و وەڵامی پەرلەمانتاران بداتەوە.
 
بەپێی مادەی 135 لە دەستووری ئێران، سەرۆککۆمار پێویستە بۆ ماوەی سێ مانگ چاودێرێک بۆ وەزارەتەکە دیاری بکات. 
 
دوورخستنەوەی وەزیرەکە لەکاتێکدایە تەنیا پێنج مانگە حکومەتی مەسعود پزیشکیان دەستبەکاربووە. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە