بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: کۆنگرەی نیشتمانی نوێنەرایەتیی گەلی سووریا ناکات
2025-02-26
151 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، کۆنگرەكەى نیشتیمانی لە دیمەشق، نوێنەرایەتی گەلی سوریا ناکات و دەرەنجامەکانی جێبەجێ ناكەن، دەشڵێت، "داواکارییەکانمان نوێ دەکەینەوە بۆ ئەوەی کۆنفرانسێكی ڕاستەقینە ببەسترێت، كە نوێنەرایەتی هەمو سورییەکان بکات و هیچ کەسێک بەدەر نەکەین یان پەراوێز نەخەین".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆنگرەی دیالۆگی سوری نوێنەرایتی گەلی سوریا ناکات و ئەوەی كە ڕویداوە بەشێك نیە لە خواستی سوریەكان، هەروەها ئەوانیش وەک بەشێک لەو وڵاتە نوێنەریان لە کۆنگرەکەدا نەبوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڕەخنەیان هەیە سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو کۆنفرانسە و دەرئەنجامەکانی جێبەجێ ناکەن، هەروەها داوا لە گەلی سوریا دەکات، بەردەوام بن لە کارەکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشەکەیان، لەپێناو بەدیهاتنی خواستی گەل.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەو هەنگاوانەی ئیدارەی كاتی لە سوریا، سەبارەت بە پرسی دیالۆگ و هاوبەشی گرتیەبەر، نائومێدکەر بون، هەر لەسەرەتاوە پێویست بو لیژنەیەکی یەکگرتو بۆ ئامادەکاری ئەم دیالۆگە و ڕێکخستنی دروست بكرێت، دواتر تاوتوێی نوێنەرایەتی ئەو کەسانە بکرێت کە بەشداری تێدا دەکەن، پاشان کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی گشتگیر ببەسترێت، بەڵام هەمو ئەو شتانەی کە ڕویانداوە و ئێستاش ڕودەدات و ئاواتەخوازن نائومێدكەرن.
ئەوەشی خستەڕو، "یەکەم و دوا ئامانجمان لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە، ڕزگارکردنی کۆمەڵگایە لە نادادپەروەری و هێرش و سیاسەتی وەدەرنانی و پەراوێزخستن لەم چوارچێوەیەدا دەستپێشخەری گرنگمان هەبوە و ئەمڕۆش داواکارییەکانمان نوێ دەکەینەوە بۆ ئەوەی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی ڕاستەقینە ببەسترێت، كە نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان بکات، و هیچ کەسێک بەدەر نەکەین یان پەراوێز نەخەین".
|