سبەی لە هەولێر جارێکی دیکە یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە
2025-02-25
121 جار خوێنراوەتەوە
سبەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە شاری هەولێر کۆدەبنەوە، سبەینێ کۆبوونەوەی دووەم دەکەن کە تەوەری سەرەکیی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
کۆبوونەوەی رابردوو لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کراو بە پێێ زانیارییەکان "کۆبوونەوەی سبەی لە هەولێر دەکرێت."
لە کۆبوونەوەی رابردوودا شاندی پارتی، هۆشیار زێباری و شاندی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی "ئەرێنی" بووە.
کۆبوونەوەی سبەی بە بەشداریی هەمان شاندی رابردوو دەبێتەوە و درێژەپێدەری کۆبوونەوەکەی پێشوو دەبێت.
نزیکەی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
|