نووسینگەی سەرۆکی حکومەت: فەرمانبەران زوو خۆتان لە 'هەژماری من' تۆمار بکەن
2025-02-19
122 جار خوێنراوەتەوە
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکەن، داوا لە سەرجەم فەرمانبەرانیش دەکات بە زووترین کات خۆیان لە 'هەژماری من' تۆمار بکەن.
عەزیز ئەحمەد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکەین کەوا دووپاتی کردووەتەوە، بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی رێکارەکانی بانکی ناوەندی بێت و لەلایەن بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی ئەنجام بدرێت. هەروەها فەرمانبەر سەرپشک بکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەو بانکانەی رەزامەندیی بانکی ناوەندییان هەیە، کە هەموو ئەمانەش لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) یەکدەگرنەوە."
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "تیمەکەمان وەکو بەشێک لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەتەوە و نوێترین پێشهاتەکانی پڕۆژەکەیان بۆ باسکردوون، وەک چۆن لە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵییشدا هاتووە، ئەم هەماهەنگییەش بەردەوام دەبێت لە رێگەی ناردنی زانیاری و پێشهاتی مانگانە بۆیان."
عەزیز ئەحمەد جەخت لەوە دەکاتەوە، "هاوتەریب لەگەڵ ئەمەش، بەردەوام دەبین لە هەماهەنگیی نزیکمان لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، بەوپێیەی بەبانکیکردنی مووچە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق."
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم فەرمانبەران دەکات، "بەزووترین کات خۆیان تۆمار بکەن. بۆ خۆتۆمارکردن، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی هەژماری من بە ژمارە 1991."
ڕۆژی سێشەممە 18ى شوباتى 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لەبارەى سکاڵایەکى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار کۆبووەوە، کە لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان تۆماری کردبوو.
دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاری دا جێبەجێکردنى پرۆسەى بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى رێکارەکانى بەجێکردن بێت، کە لە بانکى ناوەندی دەرکراوە. پێویستە بەجێکردنەکە لە رێگەى ئەو بانکانە بێت، کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە؛ ئەویش بەگوێرەى رێکارە پیادەکراوەکان بێت لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە.
لە بەشێکى دیکەى بڕیارەکەدا هاتووە، دەبێت ئەو بەجێکردنى مووچەیە بە هاوئاهەنگیى نێوان وەزارەتى دارایی فیدراڵ و وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان بێت، ئازادى بدرێتە فەرمانبەر لە دیاریکردنى ئەو بانکەى دیاریی دەکات بۆ بەجێکردنى مووچە.
|