محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئاماده‌ین بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ر و پشتیوانیه‌ك
2025-02-18
112 جار خوێنراوەتەوە
سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی گرژیه‌كانی نێوان جوتیارانی كورد و سوپای عێراق له سنوری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م سوپایه هه‌میشه سوپایه‌كی دۆڕاو ترسنۆك دیل و زه‌لیلی مه‌یدانی جه‌نگه‌كانی ئێران و كوه‌یت و ئه‌مریكاو ئیسرائیل بوه و ده‌شڵێت، "ئێمه ئاماده‌ین بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ر و پشتیوانیه‌ك".
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود له‌په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه، "دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ندێك سه‌ربازی سوپای عێراق، به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌وه نامرۆڤانه‌و نابه‌رپرسانه و بێڕێزانه، په‌لاماری جوتیارانی كوردی كه‌ركوكیان له‌سه‌ر موڵك و ماڵ و گۆڕی بابوباپیرانیاندا، وێڕای ئه‌وه‌ی زۆر به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان ده‌كه‌ین، وه‌ك پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ی هه‌مو ئه‌گه‌رێك و پشتیوانییه‌كین".
راشیگه‌یاندوه، "سوپای عێراقی مێژو پڕ له‌تاوانی دژی كورد، به‌م هه‌ڵوێسته‌یان سه‌لماندیان درێژه‌پێده‌ری هه‌مان ئه‌و سوپایه‌ن، كه تاوانه‌كانی وێرانكردنی كوردستان و ئه‌نفال و كیمابارانیان ئه‌نجامداوه و تاوانی دژ به كورد بوه‌ته پیشه‌یان".
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود ده‌شڵێت، "ئه‌م سوپایه هه‌میشه سوپایه‌كی دۆڕاو ترسنۆك دیل و زه‌لیلی مه‌یدانی جه‌نگه‌كانی ئێران و كوه‌یت و ئه‌مریكاو ئیسرائیل بوه، كه‌چی هه‌میشه قاره‌مانی دژی خه‌ڵك و هاوڵاتیانی هه‌ژاری كورد بوه".
ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، "ئه‌پرسین ئه‌م سوپا قاره‌مانه‌ی عێراق بۆ ناچێت به‌رگری له غه‌زه‌و فه‌ڵه‌ستین بكات؟!، بۆیه با نه‌یارانی كورد بزانن چیتر سوكایه‌تیكردن به‌جوتیارانی كورد قبوڵناكرێت".
|