یەکێتی: ئیشی سوپا نییە بەشێک بێت لە چارەسەری ململانێکانی زەویوزار

2025-02-18  92 جار خوێنراوەتەوە

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان داوا له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی ده‌كات،  رێگه‌ له‌ده‌ستوه‌ردانی سوپا له‌كه‌یسی زه‌وی و زاری دێهاته‌كانی كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری بگرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌ركی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی ئیئتلافیشه‌ رونتر  ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ نیشتمانیی و ده‌ستورییه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆو به‌ هیممه‌تتر له‌سه‌ری بێته‌ جواب"

مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان داوا له‌ حكومه‌تی ئیتحادی ده‌كات رێگا له‌ده‌ستوه‌ردانه‌كانی هێزه‌كانی سوپا بگرێت له‌كه‌یسی زه‌ویوزاری دێهاته‌كانی كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری و فه‌رمان به‌ یه‌كه‌كانی سوپای وڵات بكات پابه‌ندی به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و ده‌ستوری خۆیان بن له‌ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌گرفته‌ ناوخۆییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و پێكهاته‌كانی".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی پێیوایه‌ ئیشی سوپا نییه‌ به‌شێك بێت له‌گرفته‌ ناوخۆییه‌كان و چاره‌سه‌ری ململانێكانی زه‌ویوزار، موڵكداریش هه‌رگیز به‌به‌كارهێنانی ناڕه‌وای هێزو په‌لاماردانی هاوڵاتیان سه‌رناگرێت و رێگا دروسته‌كه‌ی چاره‌سه‌ری ناكۆكی له‌سه‌ر موڵكوماڵ نییه‌، چونكه‌ لایه‌نگیری  دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، به‌تایبه‌تیش  سوپا كه‌ ئه‌ركی پاراستنی سنوره‌كانی وڵاته‌،  بۆ هه‌ر  لایه‌نێك له‌هه‌ر ململانێیه‌كی ناوخۆییدا پێشینه‌یه‌كی  مه‌ترسیداره‌ و پێشێلكردنی ده‌ستوریی وڵاتیشه‌، هه‌روه‌ك پێشێلكردنی یاسا په‌سه‌ندكراوه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیشه‌ كه‌ تازه‌كیی بڕیاره‌كانی رژێمی پێشوی به‌عسی له‌سه‌ر موڵك و زه‌ویوزاری جوتیاران هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه‌".

ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، "ئێمه‌ پێمانوایه‌ دیارده‌ی خۆهه‌ڵقورتاندنی  هێزه‌كانی سوپای  له‌ كێشه‌ی  زه‌ویوزار له‌ ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیاری وه‌كو ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی كه‌ركوك هیچ ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ به‌رقه‌راركردنی یاساو ده‌ستور دابین ناكات، به‌ڵكو ئاڵۆزتریشی  ده‌كات، ئه‌ركی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی ئیئتلافیشه‌ رونتر  ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ نیشتمانیی و ده‌ستورییه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆو به‌ هیممه‌تتر له‌سه‌ری بێته‌ جواب".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە