چۆن خێزانەکەی سەیدسادق کۆمەڵکوژ کران؟
چۆن خێزانەکەی سەیدسادق کۆمەڵکوژ کران؟
17 کاتژمێر پێش ئێستا
84 جار خوێنراوەتەوە
هۆکاری زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن چیە؟
درەنگانێکی شەوی چوارشەممە هەواڵی کوژرانی ئەندامانی خێزانێک لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق جارێکی دیکە هەموانی تاساندەوە.
کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن ئەندامێکی خێزانەکەوە ئەنجام دراوە و کە هەر دوای رووداوەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
لە شەوی رابردووەوە زانیاری جیاواز لە میدیاکانەوە بڵاودەکرێتەوە، هێزە ئەمنیەکان تەنیا ئەوەندەیان لەسەر وتووە کە کوڕێکی خێزانەکە بکوژەکەیە.
پۆلیس بە پشت بەستن بە دیمەنی کامێرای چاودێری بۆی پشتڕاست بووەتەوە کە بکوژەکە کوڕێکی خێزانەکەیە و هیچ کەسێک لە کاتی رووداوەکە نەچووەتە ناو ماڵەکەوە.
بە گوێرەی گێڕانەوەکانی شایەتحاڵەکان، بکوژەکە ماوەی چەند رۆژێکە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە.
هەرچەندە چیرۆکی جیاواز لە سەر هۆکاری رووداوەکە دەستاو دەستی پێ دەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ کام لە ئەندامانی خێزانەکە رزگاریان نەبووە هۆکاری راستەقینەی ئەو کۆمەڵکوژیە دیار نیە.
ئەمە دووەمین حاڵەتی کوشتنی بە کۆمەڵی خێزانیە کە لە هەرێمی کوردستان روودەدات.
هەفتەی رابردوو، پزیشکێک لە شاری هەولێر تەواوی ئەندامانی خێزانی هاوسەرەکەی قەتڵوعام کرد و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
دووبارەبوونەوەی رووداوەکە لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق پرسیاری جددی بەدوای خۆیدا هێناوە.
کۆمەڵکوژکردنی خێزانەکان بە دەست ئەندامانی خێزانەکەو بە تایبەت لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا رووداوێکی نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردی. هەربۆیە دەنگدانەوەی گەورەی هەبووە.
بە گوێرەی توێژینە زانستییەکان، بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە رووداوانە و رووماڵکردنیان بەشێوەیەکی فراوان لە میدیاکانەوە کاریگەری لەسەر دووبارە بوونەوەیان دەبێت.
میدیا لە هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بە شوێن هەر رووداوێکدا دەگەڕێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینەر و خوێنەری هەبێت.
ماوەی نێوان هەردوو رووداوی کۆمەڵکوژییەکەی خێزانەکان، تەنیا هەفتەیەک بووە و میدیاکانیش پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ نەکردووە، بۆیە ئەنجامی ئەو توێژینەوانە پشتڕاست دەکاتەوە کە دەکرێت بە کاریگەری میدیاکان رووداوەکە دووبارە بووبێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی میدیاکان ناپیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیە دەکەن، بەشێکیان دەیکەنە کەرەستەی سیاسی و نەیارە سیاسییەکانیانی پێ لەکەدار دەکەن.
ئەوەتا لەبەرئەوەی بکوژەکە تیڕوانینێکی تایبەتی بۆ مامۆستایانی ئاینی هەبووە، بەشێک لە میدیاکان وەک کارەکتەرێکی ئیسلامییەکان ناساندوویانە و دەیانەوێت تاوانەکە بدەنە پاڵ ئایینی ئیسلام و هێزە ئیسلامیەکان.
|