هۆکاری زۆربوونی ماددەی هۆشبەر لەهەرێمی کوردستان چیە؟
6 کاتژمێر پێش ئێستا
55 جار خوێنراوەتەوە
چۆن ماددە هۆشبەرەکان هاوردەی ناو هەرێم دەکرێن؟
ئاماری تەنیا دوو هەفتەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٨٢ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لایەنە پەیوەندەیدارەکان هەرێم بڵاوی دەکەنەوە، رێژەی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە جۆرێک کەم رۆژ هەیە هەواڵی دەستگیرکردن یان ئاشکرا بوونی باندێکی بازرگانی ئەو ماددانە بڵاونەبێتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەرێمی کوردستان بووەتە رێڕەوێکی سەرەکی بازرگانی کردنی بەو ماددانەوە ئەوەش وایکردووە رێژەی بەکارهێنەرانی پەرە بسێنێت.
بەشێکی بەرچاوی ئەو ماددانەی دەستی بەسەردا گیرێت لە رێگەی خاڵە سنوورییەکانەوە هاوردەکراوە.
خاڵە سنوورییەکانی هەرێم بوونەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی کاڵای قاچاخ، بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان و بە ئاگاداری ئەوان لە رێگەی هێڵی تەنسیقەوە رۆژانە سەدان بارهەڵگر بە بێ پشکنین داخڵی هەرێمی کوردستان دەبن.
پێشبینی دەکرێت لەناو ئەو بارهەڵگرانەی کە بە قاچاخ دێنە ناوەوە ماددەی هۆشبەر حەشار بدرێت، چونکە لە بنەڕەتدا بەهۆی ئەوە بارەکانیان بە قاچاخ داخڵ کراوە پشکنینی بۆ ئەنجام نادرێت.
ئاماری ئەو قاچاخچێتییەی لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمەوە ئەنجام دەدرێت دیار نیە چەندە، بەڵام کاریگەری لەسەر زیادبوونی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە هەبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لە سنووری شاری سلێمانی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەریان ئاشکرا کرد کە خاوەندارییەکەی بۆ بەرپرسێکی ئەمنی گەڕایەوە.
لەگەڵ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ناو بە ناو ئاماری ئەو کەسانە ئاشکرا دەکەن کە لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون بەڵام کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بازرگانی کردن و بەکارهێنانی نەکردووە و رێژەکە ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەکات.
پێشتر چەندینجار لە میدیاکانەوە ئاشکرا کراوە کە ژمارەیەک دەستڕۆیشتووی ناو هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی پێگەکانیان لە دۆسیەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە تێوەگلاون بەڵام تا ئێستا هیچ دەستڕۆیشتوویەک لەسەر ئەو پرسە دەستگیرنەکراوە.
ئەوەی مەترسییەکەی زیاتر کردووە، ململانێ سیاسییەکانی ناو پارتی و یەکێتی لەلایەک و باڵەجیاوازەکانی ناو ئەو دوو حیزبە لەلایەکی تر کاریگەری لەسەر تەواوی سێکتەرەجیاوازەکان دروستکردووە لەناویدا رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
|