فەرمی.. ژاپۆن وەکو یەکەم هەڵبژاردە گەیشتە مۆندیال

21   کاتژمێر پێش ئێستا  93 جار خوێنراوەتەوە

هەڵبژاردەی ژاپۆن بەشێوەیەکی فەرمی خۆی گەیاندە یارییەکانی مۆندیالی 2026 و بووە یەکەم هەڵبژاردە لەسەر ئاستی جیهان، لە پاڵاوتنەکاندا سەرکەوتن بۆ مۆندیال یەکلابکاتەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 13ـی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو کە رکابەرییەکانی لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەی ژاپۆن میوانداریی هەڵبژاردەی بەحرەینی کرد و بەبردنەوە لەو هەڵبژاردەیە بەفەرمی خۆی گەیاندە مۆندیال.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، بەحرەین تارادەیەک ئاستێکی باشی پێشکێشکرد و رێگریی لە هێرشبەرانی هەڵبژاردەی ژاپۆن کرد، ئەو نیوەیە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ تەواو بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا، خاوەن یاریگە ئاستێکی باشتری پێشکێشکرد و چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی میوانەکەی، لە خولەکی 66 دایچی کامادا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ژاپۆن تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 87 تاکیفوسا کوبۆ، گۆڵی دووەمی سامۆرای تۆمارکرد و هەڵبژاردەکەی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی بلیتی مۆندیال نزیککردەوە.
 
یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی ژاپۆن کۆتاییهات، هەڵبژاردەکە لە 7 یارییدا 6 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و سێ گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم قۆناخەی پاڵاوتنەکان، بە 19 خاڵ سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەر کرد.
 
هەڵبژاردەی ژاپۆن لە دیارترین هەڵبژاردەکانی کیشوەری ئاسیایە،ئەمە جاری هەشتەمە هەڵبژاردەکە دەگاتە مۆندیال و باشترین ئەنجامی سەرکەوتن بووە بۆ قۆناخی شازدە لە مۆندیالەکانی 2002-2010-2018 و 2022.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە