بۆچی ئەمریکا حوسییەکانی یەمەن دەکاتە ئامانج؟

2025-03-17  216 جار خوێنراوەتەوە

شەوى رابردوو ترەمپ فەرمانیدا بە دەستپێکردنى هێرش و بۆردومانى چڕ بۆ سەر پێگەکانى حوسییەکانى یەمەنى هاوپەیمانى ئێران، کە بە توندترین گورزى ئەمەریکا دادەنرێت لەو گروپە لەسەردەمى خولى دووەمى سەرۆکایەتى ترەمپدا.

بەهۆى هێرشەکانەوە کە ژمارەیەک پێگەى حوسییەکانى لە شەش پارێزگاى یەمەن کردە ئامانج، 31 کەس کوژراون و 101 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوەش بەپێی ئەو ئامارانەى کە حوسییەکان بڵاویانکردووتەوە.

رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمەریکى لەزارى چەند سەرچاوەیەکى ئەمەریکییەوە گواستییەوە، هێرشەکەى ئەمجارە سێ ئامانجى سەرەکى هەیە، کە بریتین لە خاپورکردنى سەکۆى هەڵدانى موشەک لەلایەن حوسییەکانەوە بۆ سەر کەشتییەکان، بە ئامانجگرتنى ئەو سەرکردانەى گروپەکە کە خۆیان شاردووەتەوە، ناردنى پەیام بۆ ئێران کە رەنگە دواى حوسییەکان نۆرەى ئەو وڵاتە بێت.

بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی رایگەیاند، هێرشەکانى ئەمریکا بۆ سەر گروپی حوسییەکان دەکرێت بۆ چەند رۆژێک و رەنگە چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە دەستپێکردنی هێرشەکەى ڕاگەیاند و هۆشداریشیدا لەوەی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر هاتوچۆی کەشتیوانی لە دەریای سووردا دەبێت بوەستێت یان دەرگاى دۆزەخیان بەروودا دەکاتەوە.

ترەمپ هۆشداریدایە ئێرانی پشتیوانی سەرەکی حوسییەکان لە بەردەوامی پاڵپشتییەکانی بۆ حوسییەکان و وتی، ئەگەر ئێران هەڕەشە لە ئەمەریکا بکات، لێپرسینەوەى تەواوى لەگەڵدا دەکەن.

حوسییەکان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣  دەیان هێرشیان کردە سەر کەشتیە بازرگانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان، ئەوەش کۆمپانیاکانی ناچارکرد گەشتەکانیان بگوازنەوە بۆ ڕێگایەکی درێژتر و گرانتر لە دەوروبەری ئەفریقای باشوور، هەفتەى رابردووش هەڕەشەى دەستپێکردنەوەى هێرشەکانیان کرد.

سەرەتاى ئەمساڵ ترەمپ ئەو گروپەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندەوە بە ئامانجی سەپاندنی سزای ئابووریی توندتر بەسەریدا، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر هێرشەکانی گروپەکە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا کە بەرگری لە ناوچە دەریاییەکان دەکەن.

دۆناڵد تڕەمپ راستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی گورزە ئاسمانییەکانی دژی حوسییەکان دەکرد، هێرشەکان دوای وەلامی ئێران بۆ رەتکردنەوەی نامەکەی ترەمپ هات کە داوای دەستکردنەوە بە گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی تارانی کردبوو.

ئەم پێشهاتە نوێیانە، زەنگی دەستپێکی گەڕێکی نوێی ئاڵۆزی و شەڕ و پێکدادانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئەمریکا و ئێران کە بە جەنگی غەززە دەستی پێکرد و لە لوبنان و سوریا گەیشتە لوتکە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە