هەڵەبجەییەکان دوای ٣٧ ساڵ چییان بۆ کراوە؟
2025-03-15
180 جار خوێنراوەتەوە
٣٧ ساڵ بەسەر کیمیایی بارانکردنی شاری هەڵەبجەی شەهید لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا ئاسەوارەکانی ئەو رووداوە بەسەر دانیشتوانەکەی و شارەکەوە بەجێماوە.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە بەسەر ئەو کارەساتەدا، بەرپرسانی باڵا لە ترسی ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵکی شارەکە، ناتوانن بەشداری لە مەراسیمەکانی تایبەت بەو کارەساتە بکەن.
هەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی لە پاڵ کارەساتەکانی دیکەی باشووری کوردستاندا بووەتە ناسنامەی گەلی کورد، بەڵام لەلایەن پارتی و یەکێتی هاوشێوەی هەموو دۆسیەکانی دیکە زیاتر بازرگانیی پێوە کراوە.
سیمای شارەکە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ساڵی کیمیایی بارانکردنی نیە..
دانیشتوانی هەڵەبجە بەدەست نەبوونی دەرفەتی کار و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەست و پەنجە نەرم دەکەن، هەر ساڵە و لە ساڵیادی ئەو کارەساتەدا بە ژمارەیەک بەڵێنی بێ کردار برینی کەسوکاری قوربانیان نوێ دەکەنەوە.
کەمتەرخەمییەکان بەرانبەر بە هەڵەبجە و هەڵەبجییەکان بە ئەندازەیەکن کە رزگاربووانی کارەساتەکە زۆر لە دەسەڵاتی کوردی نیگەرانن و ئامادەنین پێشوازی لە هیچ بەرپرسێکی حکوومی و حیزبی بکەن.
هەر لە دۆسیەی ونبوان، بریندارانی چەکی کیمیایی و تا دەگاتە پێکهێنانی ئەنجوومەنێک بۆ پارێزگای هەڵەبجە کەمتەرخەمی جددی کراوە.
حیزبەکان لە سەر هەموویانەوە پارتی و یەکێتی تەنیا یاری بە هەستی هەڵەبجەییەکان دەکەن و بازرگانی بە ناوی کارەساتەکەوە دەکەن، ئامادەنین لە پێناو ململانێ کانیان لەسەر دامەزراندنی ئەنجوومەنێک بگەنە رێککەوتن.
دوای ٣٧ ساڵ هێشتا هەڵەبجە بە فەرمی نەبووەتە پارێزگارێک لە عێراق، بودجەی تایبەتی نیە و لە هەڵبژاردنەکاندا ناتوانێت نوێنەری خۆی دەستنیشان بکات.
لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق لە هەمواری یاسای پشووە فەرمییەکاندا لەسەرانسەری عێراقدا کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجەی بە پشووی فەرمی دیاریکرد بەڵام حکوومەتی هەرێم رەتیکردەوە سبەی بکاتە پشوو بە بیانووی ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند نەکراوە.
رەتکردنەوەی پشووی سبەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هاوشێوەی تەواوی پرسەکانی دیکە هاووڵاتیانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد.
بەڵام گەرچی هیچ لەو ئازارە کەم ناکاتەوە کە کەسوکاری قوربانیانی کیمیایی باران ٣٧ ساڵە دەیچێژن و نە حکوومەتی کوردی و نە حکوومەتی عێراق ئاوڕیان لێ ناداتەوە.
|