لە ڕەمەزاندا، نەخۆشیی دەروونی و دڵەڕاوكێ لەسەدا 50 كەم دەبێتەوە
20 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
دكتۆر ئەفرام محەمەد پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان باس لە كەمبوونەوەی ئەو نەخۆشییە دەكات لە مانگی رەمەزاندا، لەوبارەیەشەوە بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەو كەسانەی لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژوو دەبن، جیاواز لە مانگەكانی دیكەی ساڵ بەڕێژەی لە 50 % كەمتر تووشی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ دەبن.
هەروەها ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات كە ئەمانەن:
-هەركەسێك بڕیاری بەڕۆژوبوون بدات، جۆرێك لە ئازایەتی و خۆڕاگریی تێدایە، كە بەسەر برسێتی و تینوێتیدا زاڵبێت و وەک باوەڕێکی ئایینیش جۆرێک ئارامیی بەکەسەکە دەبەخشێت و هەڵچوونی دەروونیی كەم دەكاتەوە.
-خەمۆكی بە یەكێك لە نەخۆشییەكانی سەردەم دادەنرێت. جۆرێك نەخۆشیی دەروونی هەیە لە سەرەتای بەیانیاندایە، جۆرێكی دیكەی هەیە نیشانەكانی لە پاشنیوەڕواندا دەردەکەوێت کە نیشانەكانی لە جۆری یەكەم خراپترە، بەجۆرێک ئەگەری خۆكوژی و نەبوونی كەسێك لەو كاتەدا و نەبوونی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی هۆكارێکی دیکەیە بۆئەوەی خۆكوژی رووبدات، بەڵام لەو كاتەی كەسەكە بەڕۆژوو دەبێت و هەندێك پەیوەندیی ئیمانی دەبێت، ئەگەر زیان بەخۆگەیاندن تێیدا كەمدەبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی خێزان لەكاتی پارشێو و بەربانگدا كاریگەریی گەورەی هەیە، ئەمەش وا لە ئەندامانی خێزان دەكات زیاتر ئاگاداری دۆخی یەكتری بن و هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكانی یەکتری بدەن.
-دڵەڕاوكێ یەكێكی دیكەیە لە نەخۆشییە دەروونییە باوەكانی ئێستا، لەكاتی بە رۆژوبووندا ئەگەری كەمبوونەوەی ئەو حاڵەتە بۆ رێژەی 50 % كەم دەبێتەوە، چونكە كەسەكە دەروونی ئارام و هێمنترە بەهۆی ئەوەی رۆژووەوان هەوڵدەدات بیر لە كێشە و گرفتەكان نەكاتەوە و زیاتر لە كەشێكی ئیمانی و خواپەرستیدا كاتەكانی بەسەربەرێت.
-مانگی رەمەزان بە هەلێكی گەورە دادەنرێت بۆ ئەوانەی بەكاربەر و ئالودەی ماددەی هۆشبەر و خواردنەوە کهولییەکانن بۆئەوەی وازبهێنن لەم مانگەدا، بەكارهێنانی هەموو ماددە هۆشبەرەكان و ماددە کهولییەکان كەم دەبێتەوە.
بەپێی هەندێك توێژنەوە و ئاماریش بە رێژەی نیوە زیاتر فرۆشتنی ماددە کهولییەکان كەمدەبێتەوە. هەندێک کەسیش ئەم مانگە دەكەنە سەرەتایەك بۆ وازهێنان لە خواردنەوە کهولییەکان.
|