دۆناڵد ترەمپ وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکای داخست

17   کاتژمێر پێش ئێستا  106 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داخستنی وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەی واژۆکرد، بەڵام تاوەکو کۆنگرێس پەسندی نەکات، جێبەجێ ناکرێت. ترەمپ دەیەوێت هەر ویلایەتێک پەروەردەی تایبەت بە خۆی هەبێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری جێبەجێکاریی داخستنی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵیی ئەمریکای واژۆکرد. ئێستا پەسندکردنی بڕیارەکە لەسەر کۆنگرێسی ئەمریکا وەستاوە.
 
پێش واژۆکردن، ترەمپ وتی: "ئەمریکا زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە پارە لە قوتابییەکانی خەرج دەکات، کەچی لەڕووی سەرکەوتنەوە لە خواری خوارەوەی لیستەکەین."
 
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، "داخستنی وەزارەتی پەروەردە دەرفەت بە منداڵان و خێزانەکانیان دەدات کە لە سیستمێک رزگاریان بێت کە شکستی هێناوە. ئەمڕۆ، نمرەکانی خوێندنەوە و بیرکاری ئەمریکی نزیکن لە نزمترین ئاستی مێژوویی. هەڵسەنگاندنی نیشتمانیی پێشکەوتنی پەروەردەیی ئەم ساڵ دەریخستووە کە 70٪ـی قوتابیانی پۆلی هەشتەم لە ئاستی پێویستدا نین لە خوێندنەوە و 72٪یان لە ئاستی پێویستدا نین لە بیرکاریدا."
 
سەرۆکی ئەمریکا کە لە 20-01-2025ـەوە دەستبەکاربووە، وتی: "داخستنی وەزارەتی پەروەردە بەشێوەیەکی بەرچاو جێبەجێکردنی بەرنامەکان لە خوێندنی باڵا باشتر دەکات. ئێستا وەزارەتی پەروەردە بە بڕی زیاتر لە 1.6 تریلیۆن دۆلار قەرزی قوتابییان بەڕێوەدەبات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەرنامەی فیدراڵی بۆ یارمەتیدانی قوتابییان بە قەبارەی یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی وڵاتە، وەک کۆمپانیای دارایی وێڵز فارگۆ. بەڵام سەرەڕای ئەوەی وێڵز فارگۆ زیاتر لە 200,000 فەرمانبەری هەیە، وەزارەتی پەروەردە کەمتر لە هەزار و 500 فەرمانبەری لە نووسینگەی یارمەتیدانی قوتابییانی فیدراڵی هەیە. وەزارەتی پەروەردە بانک نییە". 
 
ئاماژەی بەوەشکرد: "دواجار ئەرکە سەرەکییەکانی وەزارەتی پەروەردە دەتوانرێت و دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ ویلایەتەکان."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە