جەعفەر شێخ مستەفا: نەورۆز بكەینە هۆی دروستكردنی یەكڕیزیی

2025-03-20  148 جار خوێنراوەتەوە

لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی رایدەگەیەنێت: "نەورۆز سیمبولی خەبات و روبەڕوبوونەوەی ستەمكارانەو هیوادارم ئەم جەژنە  بكەینە هۆی دروستكردنی  یەكدەنگیی و یەكڕیزیی خەڵك و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پاراستنی  بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی كاراو خزمەتگوزار كە وەڵامدەرەوەی پێویستییەكانی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان بێت".

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی یادەكانی نەورۆزو راپەڕینی كەركوكەوە پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: "بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزو  سەرەتای ساڵی نوێی كوردییەوە، كە هاوزەمانە لەگەڵ یادی  34 ساڵەی ئازادكردنی شاری كەركوكی قودسی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و تەواوی كوردانی نیشتەجێی وڵاتانی جیاجیای جیهان دەكەم".

راشیگەیاند: "لە نەورۆزی ساڵی 1991دا راپەڕینی خەڵكی كوردستان، بەئازادكردنی شاری كەركوك تاجی سەركەوتنی لەسەرنا و سەرەتای قۆناغێكی نوێی لە تێكۆشانی رزگاریخوازانەی گەلی كوردستاندا هێنیایەئاراوە كە دواتر بەچەند قۆناغێكی تری راپەڕین هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لێ بەدیهات".

لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەشڵێت: "نەورۆز، هێمای سەركەوتنی ئیرادەی ئازادیخوازان و شكستی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەی مرۆڤە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ستەمكارەوە، هاوكات نیشانەی كۆتایی هەژموونی وەرزی زستان و سەركەوتنی بەهار و نوێبوونەوەی سروشتە.  لەنێو نەتەوەی كوردیشدا نەورۆز سیمبولی خەباتی نەتەوەیی و رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ستەمكارانەی داگیركەرانە".

دەشڵێت: "هیوادارم هەمووان ئەم جەژنە  نەتەوەییە بكەین بە دەرفەتێك بۆ ئەوەی بەگیانێكی  كوردانەوە كاری جددی بكرێت بۆ دروستكردنی  یەكدەنگیی و یەكڕیزیی خەڵك و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، بەتایبەتی لەم هەلومەرجە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە هەستیارداو سەرەنجام پاراستنی  بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی كاراو خزمەتگوزار كە وەڵامدەرەوەی پێویستییەكانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بێت".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە