بافڵ تاڵەبانی: نەورۆز پەیامی نوێبوونەوە و تەبایی و پێکەوەییە
23 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێکیدا هاتنەوەی جەژنی نەورۆزی کوردان و راپەڕینی کەرکوکی قودسی کوردستان لە کوردستانیان پیرۆز دەکات و رایدەگەیەنێت:" نەورۆز پەیامی نوێبوونەوە، تەبایی، پێکەوەیی، برایەتی و یەکڕیزیی کوردایەتییە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی".
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:
بەبۆنەی جەژنی نەورۆزی کوردان و سەری ساڵی نوێی کوردی، کە هاوکاتە لەگەڵ راپەڕینی کەرکوکی قودسی کوردستان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە کوردستانیانی خۆشەویست دەکەم و هیوای ئاشتی و ئارامی و شادمانیی بۆ هەمووان دەخوازم.
نەورۆز پەیامی نوێبوونەوە، تەبایی، پێکەوەیی، برایەتی و یەکڕیزیی کوردایەتییە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی.
هیوادارم ئەم نەورۆزە ببێتە هۆی ئاشتی، سەرخستن و پشتگیریکردنی دۆزی کورد لە هەموو شوێنێک، میلـلەتی کورد شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەیە، با هەموومان پێکەوە شان بە شان هەوڵبدەین و کاربکەین بۆ ئاشتی هەمیشەیی بۆ گەلی کورد و سەرفرازیی بۆ کوردستان.
نەورۆزتان پیرۆز، هەر شاد و سەربەرزبن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
|