ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە نۆکەندی ئینگلیز گیریانخواردووە
19 کاتژمێر پێش ئێستا
103 جار خوێنراوەتەوە
بەلەمێکی چووپی هەڵگری کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز لەکارکەوتووە. چالاکوانێکی کۆچبەران دەڵێ، 89 کەسی تێدایە و زۆرینەیان کوردن.
بەلەمەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 09ـی ئاب لە فەرەنساوە بەڕێکەوتووە. رەنج پشدەری، چالاکوانی کۆچبەران لە ئەورووپا بە ٧ڕۆژی وت: "بەلەمەکە زیاتر لە شەش کاژێرە لە ئاوەکەدایە، کە لە سنووری فەرەنسایە و تاوەکو ئێستا پۆلیس نەچووە بەهانایانەوە".
رەنج پشدەری وتی: "89 سەرنشین لە بەلەمەکەدان، پێدەچێت بەهۆی زۆریی کۆچبەرەکانەوە ماتۆڕەکەی لەکارکەوتبێت".
ئەو چالاکوانە دەڵێ، لەگەڵ کۆچبەرەکان قسەی کردووە و رایانگەیاندووە، زۆرینەیان کوردی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانن؛ ئەوانەی خەڵکی رۆژهەڵاتن بەشی زۆریان خەڵکی سنووری مەریوانن.
لەنێو کۆچبەرەکاندا ژن و منداڵ هەیە. رەنج پشدەری راشیگەیاند: "رێکخراوەکانی تایبەت بە کۆچبەرانم لە فەرەنسا ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی پۆلیس لە دۆخەکە ئاگادار بکەنەوە".
پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز چەندین ساڵە بەردەوامە و کۆچبەران لە فەرەنساوە بەو رێگەیە خۆیانن دەگەیێینە بەریتانیا.
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆ بەریتانیا، ئەم ساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، 25 هەزار و 436 کەس لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
|