چی بەسەر مێشکتدا دێت، ئەگەر 14 رۆژ ئینتەرنێت بەکارنەهێنیت؟

9   کاتژمێر پێش ئێستا  38 جار خوێنراوەتەوە

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، بەکارنەهێنانی ئینتەرنێت لەنێو مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان بۆماوەی 14 رۆژ (2 هەفتە) گۆڕانکاریی بنچینەیی بەسەر جەستەدا دەهێنێت بەتایبەت مێشک، ئاوەز و دەروون.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆستن لە لە تێکساسی ئەمریکا لەسەر 467 بەشداربوو کرا کە ئینتەرنێت لە مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکانیان قەدەغەکرا، بەڵکو تەنیا رێگە بە ناردنی پەیوەندیی تەلەفۆنی و نامە درا. ئەمە بۆماوەی 14 رۆژ بەردەوام بوو و دەرکەوت، بە بەکارنەهێنانی ئینتەرنێت دەروونییان باشتر بووە و توانای سەرنجدانیشیان بەهێزتر بووە. 
 
ئادریان وارد، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: 71٪ـی بەشداربووان کەیفیان خۆشتر بووە و ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی کەمتر بووەتەوە.
 
ئادریان وارد روونی دەکاتەوە، لەڕێگەی ئەپلیکەیشتنێکەوە وایان لە مۆبایلی خۆبەخشەکان کردووە کە هیچ ئینتەرنێتێک وەرنگەرێت، هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، خەڵک ئەو جۆرە ئەپلیکەیشتانە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بۆماوەیەکی کاتیش بێت، ئینتەرنێت بەکارنەهێنن.
 
مەترسیی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، رۆژانە بەکارهێنانی زیاتر لە شەش کاژێر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە زیاددەکات؛ هەروەها دەڵێت، کەسانی سەروو 45 ساڵ مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاترە. 
 
پەیمانگەی نیشتمانیی بەساڵاچووان لە ئەمریکا دەڵێت، 'چالاکیی جەستەیی، خواردنی خۆراکی تەندروست، خەوی پێویست، ئەنجامدانی یارییە هزرییەکان' مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە کەمدەکەنەوە.
 
پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان لە پۆدکاستی کلینیکاست دەڵێت، ئالوودەبوون بە مۆبایل وەکو ئالوودەبوون بە کحول وایە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە