سۆمۆ: گرێبەستەکانمان بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم تەواوکردووە

2025-08-08  123 جار خوێنراوەتەوە

کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عیراق (سۆمۆ) رایدەگەیەنێت: هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکردووە.

عەلى نزار بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) رایگەیاند:"سەرجەم ئامادەکارییەکانمان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان تەواوکردووە و  گرێبەستیشمان لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکانى نەوت بۆ فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان کردووە.

وتیشی: "سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو کراوە و هەناردەکردنەوەى نەوت بەستراوەتەوە بە رادەستکردنى نەوتى بەرهەمهێنراو لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوتەوە لە هەرێمی کوردستان".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 6ی8ی2025 حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوتی عیراق، لە سەردانێکیدا بۆ كۆمپانیای نەوتی باكور و كردنەوەی ژمارەیەك پڕۆژە لە شارەكە رایگەیاند: كەركوك پێویستی بە پڕۆژەی وەبەرهێنانی زیاترە و كاردەكەین قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت بگاتە 600 هەزار بەرمیلی رۆژانە، لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە رایگەیاند: ئامادەین نەوتی هەرێم وەربگرین و كاری جددی دەكەین بۆ دەستپێكردنەوە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بە زووترین كات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە