مانگی رابردوو 56 بوومەلەرزە لەهەرێمی کوردستان تۆمارکراون
2025-08-08
158 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مانگی رابردوو 56 بوومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. بەرزترین گوڕی بوومەلەرزە تۆمارکراوەکانیش 3.4 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "تۆڕی بوومەلەرزەی کوردستان لە مانگی تەمموزدا 426 بوومەلەرزەی تۆمار کردووە، بەڵام 56یان لەنێو هەرێمی کوردستان بوون".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرزترین گوڕی بوومەلەرزەی تۆمارکراو لە مانگی رابردوودا لە پارێزگای دهۆک بووە لە 23-07-2025 بە گوڕی 3.4 پلەی رێختەر.
بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگی رابردوو زۆرترین بوومەلەرزە لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویداوە، کە 42 بوومەلەرزە بوون، پاشان پارێزگای هەولێر بە 10 بوومەلەرزە پلەی دووەمی گرتووە.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "بوومەلەرزەکان گوڕەکانیان کەم بووە و هیچ زیانێکیان نەبووە".
لەبارەی مەترسی بەهێزبوونی گوڕەکانی بوومەلەرزە، فازڵ ئیبراهیم وتی: "بوومەلەرزە پێشبینی بۆ ناکرێت، بەڵام ئاشکرایە ناوچەکانمان دوورنین لە روودانی بوومەلەرزە".
04ـی ئابی 2025، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بەمیدیاکانی راگەیاند، مانگی رابردوو 14 بوومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
|